دی ماریا داوای باشكردنی گرێبەستەكەی دەكات

دی ماریا داوای باشكردنی گرێبەستەكەی دەكات
ئەنخیل دی ماریای یاریزانی ئەرجەنتینی داوای لە یانەی ریال مەدرید كردووە لە ماوەی پشووی زستانەدا گفتوگۆ بكەن لەبارەی باشتركردنی دۆخی گرێبەستەكەیەوە لەگەڵ یانەكەدا.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەمەیدا نووسیویەتی دی ماریا كە مووچەی ساڵانەی 1.8 ملیۆن یۆرۆیە، داوای كردووە بڕی گرێبەستەكەی زیاد بكرێت چونكە مووچەكەی هاوسەنگ نییە لەگەڵ ئاستی لە یانەكە.
رۆژنامەكە هەروەها دەڵێ دی ماریا قسەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەدا كردووە و ویستی خۆی بۆ ئاشكرا كردوون كە پێویستە بیر لە باشتركردنی داهاتی ئەو بكەنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێكەوتنێكی نوێ لە نێو ئەو یاریزانە و یانەكەدا نەكراوە.
دی ماریا یاریزانی سەرەكی پێكهاتەی ریال مەدریدەوە و مووچەكەی زۆر كەمترە لە هەندێك یاریزان كە بە شێوەی سەرەكی یاری بۆ ئەو یانەیە ناكەن، لەوانەش كاكای بەرازیلی و كەریم بنزیمەی فەرەنسی.
دی ماریا لە هاوینی 2010 بە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە كرد دوای ئەوەی كۆتایی بە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەنفیكای پورتوگالی هێنا.
Top