ئیتۆ: بەرپرسانی یەكێتیی تۆپی پێی كامیرۆن گەندەڵن

ئیتۆ: بەرپرسانی یەكێتیی تۆپی پێی كامیرۆن گەندەڵن
ساموێل ئیتۆی هێرشبەری یانەی ئینجی رووسی گوتی بەرپرسانی یەكێتیی تۆپی پێی كامیرۆنی هەموویان گەندەڵن.
قسەكانی ئیتۆ دوای بڕیاری یەكێتییەكە هات بە راگرتنی ئەو هێرشبەرە بۆ ماوەی 15 یاری نێودەوڵەتی دوای ئەوەی ئیتۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی كامیرۆنی هاندا بەشداری یاری دۆستانەی كامیرۆن و جەزائیر نەكەن لە 15ی تشرینی دووەمی رابردوودا.
ئیتۆ گوتی بەرپرسانی یەكێتیی تۆپی پێی كامیرۆن تێوەگلاون لە گەندەڵی و ماوەی 6 ساڵە چاوپۆشی لەوە دەكەم كە سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كامیرۆن یەكێتییەكە بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن بەكاردەهێنێت و خەمی یەكەمی كۆكردنەوەی پارەیە بۆ خۆی لە بری تۆپی پێی كامیرۆنی.
یاریزانەكەی پێشووی ئینتەر میلانی ئیتاڵی گوتی ناچارم ئەو سزایەی لەلایەن یەكێتییەكەوە بەسەرمدا سەپێنراوە جێبەجێی بكەم چونكە من كامیرۆنیم و پێویستە پابەندی ئەو ئینتیمایەی خۆم بم، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بە بڕیارەكە رازیم.
یەكێتیی تۆپی پێی كامیرۆن ناچار دەبێت بەهۆی ئەنجام نەدانی یاری دۆستانەی بەرامبەر جەزائیر، بڕی نیو ملیۆن یۆرۆ بداتە یەكێتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتە.
Top