یانەی ئاڵا هەوڵ ده‌دا بگاته‌ ریزی پلەی نایاب

یانەی ئاڵا هەوڵ ده‌دا بگاته‌ ریزی پلەی نایاب
یانەی وەرزشی ئاڵا مێژووی دامەزراندنی بۆ نۆ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەگەڵ دامەزراندنیدا چەندین ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە. تیپی تۆپی پێی یانەكە دیارترین تیپی یانەیه‌ كەماوەی پێنج ساڵە هه‌وڵده‌دا بگاته‌ ڕیزی یانە پلە نایابەكانی كوردستان، ئەمساڵ دەستەی كارگێڕی یانەكە تیپی لاوی دروست كردوە كەتەواوی یاریزانەكانی گەنجن. لە ئێستادا یانەكە لەخولی پلە یەك بەشدارە، به‌مه‌به‌ستی زیاتر تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌م باسه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌مان ئه‌نجامدا

ئا:كارزان كانەبی


لە بارەی ئاستی یانە لەم وەرزە و خۆئامادەكردنیان بۆخولی پلە یەك تەها قادری ڕاهێنەری لاوی یانەی ئاڵا لەمبارەیەوە گوتی «ئەمساڵ بێ گومان خولی پلە یەك لە ساڵان بەهێزترە، چونكە یانەكان هەموویان هەوڵ بۆبەدەست هێنانی پلیتی سەركەوتن بۆخولی نایاب دەدەن. ئێمەش ئەمساڵ بە تیپێكی لاو بە شێوەیەكی تر خۆمان بۆململانێیەكانی ئەم وەرزە ئامادەكردوە. رۆژانەش خەریكی خۆئامادەكردنین بۆیارییەكانی داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامێكی شایستەو ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەین، لە یارییەكانی داهاتوودەمانەوێ پارێزگاری لەو ئاستەی خۆمان بكەین، كە لە چەند یاری رابردوو پێشانمانداوە، گوتیشی لەئێستادا هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لە یانەی ئاڵا، ئیدارەی یانەكەمان هاوكاری باشی یاریزانان دەكات لەگشت روویەكه‌وه‌. یاریزانەكانمان تەنیا بەمووچە یاری دەكەن. تیپێكی نوێین وتەواوی یاریزانەكمان ژمارەیان 20یاریزانە، چوار یاریزانمان لەقەزای خەبات هاتوونە، ئەوانی تریش زۆربەی بەهاورێیەتی یاری دەكەن. هەموو هەولێكیشمان لەم وەرزە تەنیا سەركەوتنمانە بۆخولی نایابی كوردستان، هیواشمان زۆرە بڕواشمان بە یاریزانانی یانەكەمان هەیە كە سەركەوین بۆخولی نایابی كوردستان، سوپاسی یەكێتی قوتابیانی كوردستانیش دەكەین كەبەردەوام هاوكاری تیپەكەمانن.
بەرنامە و پلانێكی چاكیشمان داناوە بۆ تیپەكەمان بۆئەوەی لەم وەرزەدا سەربكەوین.
سەنگەر عومەر یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی ئاڵا لەم بارەیەوە گوتی «ئاستی خولی پلەیەكی كوردستان ئەمساڵ وەكو پارساڵ نییە، چونكە ئاستی یانەكان هەمووی وەكو یەكە وتاڕادەیەك ئاستیان لێك نزیكە، چەند یارییەك لە خولەكە ئەنجامدراوە ئاستی یانەكان زۆر لێك نزیكە، دیارە وەكو پاڕ ساڵ نییە خاوەنی پلەی یەكەم پارساڵ بە 33خاڵ سەركەوتووە، ئێستا یارییەكان ئاستی باشتری بەخۆیەوە بینیوه‌ به‌ به‌راورد به‌ پارساڵ، ئاستی یانەی ئاڵا ئەمساڵ زۆر بەرزترە لە چاو ساڵانی تر، چونكە یاریزانەكانمان بەبێ گرێبەست تەنیا بە موچەیەكی مانگانە یارییەكی باش ئەنجام دەدەن. سوپاسی یاریزانەكانیش دەكەم، ڕاهێنەری یانەكەش هه‌وڵێكی زۆر لەگەڵ یاریزانان ده‌دات بۆئەوەی ئەنجاممان هەبێـت، ئەگەر گرێبەستمان پێیانبدایە وەكو ئێستاش یارییان دەكرد،گوتیشی ئێمە لەسەداسەد ناتوانین بەڵێنی ئەوە بدەین كە بۆخولی نایاب سەربكەوین، بەڵام هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆملمڵانییەكانی بەدەست هێنانی پلیتی سەركەوتن بۆپلەی نایاب و لە ئێستاشدا یانەی سیمێل وەكو ئێمە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆسەركەوتن،گوتیشی لەم یارییانەی ماومانە دەبێت بەوردی یاریی بكەین، چونكە هەر یارییەك بۆ ئێمە بە یاری كۆتایی هەژماردەكرێت، چونكە ئەم خولە یەك قۆناغە، كێشەی ئێمەش نەبوونی توانایانەیەكی دارایی باشە بۆ یانەكەمان، بەڵام ئەوەش كاریگەری نییە لەسەر یاریزانەكانمان، رێژەی یاریزانەكانمان كەمە چونكە لە ئێستا هیچ یاریزانێك بە خۆرایی یاری ناكات، ئێمە سوپاسیان دەكەین كەوا بەمشێوەیە یاریمان بۆدەكەن.
Top