شاندێكی ئێران سەردانی یانەی هەولێری كرد
شاندی میوان لە شاری هەولێر سەردانی هەریەكە لە یانەی ئەكاد و مەلەوانگەی داخراوییان كرد، دواتر سەردانی یانەی هەولێریان كرد، لە لایەن دكتۆر عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی یانەی هەولێر پێشوازی لە شاندی میوان كرد، لەم سەردانە دكتۆر عەبدولڵا مەجید خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی ئەم شاندە بۆ یانەی هەولێر كرد و ئامادەیی یانەكەی نیشاندا لە پێشوازیكردنی هەر یانەیەكی ئێرانی بە مەبەستی كردنەوەی ئۆردوگای مەشقی یاخود ئەنجامدانی یاری دۆستانە یان بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییە دۆستانەكان، كە لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.
لە بەرانبەردا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەم پێشكەوتنە وەرزشییە، كە شاری هەولێر بەخۆیەوە بینیوە و هیوای خواست ئاستی وەرزش لە شاری هەولێر زیاتر پێش بكەوێت، دواتر شاندی میوان سەردانی یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری و یاریگەی دووەم و هۆڵی داخراوی شەهید فرانسۆ و هۆڵی یاری بەرزكردنەوەی قورساییان كرد، لە كۆتایی سەردانەكەیاندا دكتۆر عەبدولڵا مەجید لۆگۆی یانەی هەولێر پێشكەشی شاندەكە كرد.
جێگەی باسە شاندی میوان لە نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی جەستەیی ئێران و نوێنەری پارێزگاكانی ئازرباینجانی رۆژهەڵات پێكهاتبوو و ماوەی سەردانەكە دوو رۆژ بوو و هەریەكە لە چیایی تیمۆر عەبدال بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوان و مەحمود عەزیز و عەبدولرەحمان محەمەد و عەبدولڵا كەریم و ئەحمەد یوسف یاوەری شاندەكە بوون.