شاراپۆڤا دەگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی رووسیا

شاراپۆڤا دەگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی رووسیا
ماریا شاراپۆڤای یاریزانی تێنسی سەرزەوی رووسیا و چوارەمی ریزبەندی كچە تێنسزانەكانی جیهان، دووپاتی كردەوە بڕیاریداوە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا بەشداری یاری بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا بكات لە قۆناخی یەكەمی پاڵەوانیەتیی جامی یەكێتیی بۆ تێنسی ئافرەتان لە مانگی شوباتی داهاتوو.
شاراپۆڤا لە ماڵپەری خۆی لە ئینتەرنێت گوتی دڵنیا نیم لەوەی هەمووان ئەوە بزانن، بەڵام من لە جامی یەكێتیی تێنسی سەرزەوی لەگەڵ هەڵبژاردەی رووسیا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاری دەكەم دوای بەشداریكردنم لە پاڵەوانیەتیی ئوسترالیای كراوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو.
ئەو یاریزانە رووسییە كە خۆی لە فلۆریدای ئەمەریكا دەژی گوتی هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكەم لە كاتی یاریكردن لە مۆسكۆ، ماوەی 4 هەفتە لە هاوینی ئوسترالیا دەبم و دواتر دەچمە سەرمای سەختی رووسیا بۆ بەشداریكردن لە جامی یەكێتیی.
هەڵبژاردەی رووسیا لە 4ی مانگی شوباتی داهاتوو لەسەر خاكی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە.
شاراپۆڤا لە شوباتی رابردووەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی رووسیا بەشداری هیچ یارییەكی نەكردووە.
Top