یانەی ئینجی دەیەوێ لە نێوان مۆرینۆ و كاپیلۆ و هیدینگدا یەكێك هەڵبژێرێت
ماڵپەری هاندەرانی یانەكە لە ئینتەرنێت لە زاری ئالان سۆزییفی بەڕێوەبەری گشتیی نوێی یانەكەی گواستەوە كە یانەكەی بڕیاری داوە لە كۆتایی ئەمساڵدا راهێنەرێكی نوێ بۆ تیپەكەی بێنێت و ئەوەی یەكلا كردووەتەوە ئەو راهێنەرە كێیە.
سۆزییف زیاتر گوتی تەنیا ئەوەندەمان ماوە هەندێك بابەتی یاسایی یەكلاببكەینەوە، ئومێد دەكەم بەر لە تەواوبوونی ئەمساڵ ناوی راهێنەری نوێ ئاشكرا بكەین.
یانەی ئینجی دەستی بە هەندێك گۆڕانكاری كردووە لە دەستەی كارگێڕیی خۆیدا و دووپاتی كردەوە هەندێك گۆڕانكاری تریش دەكات.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان، یانەی ئینجی كە موڵكی سلێمان كەریمۆڤی ملیاردێری رووسییە دانووستان لەگەڵ چەند راهێنەرێكدا دەكات بۆ هێنانیان بۆ ریزی یانەكەی، لەوانەش فابیۆ كاپیلۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید و جۆس هیدینگی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەكانی رووسیا و توركیا.
ئینجی لەوانەیە چەند یاریزانێكیش بكڕێت و ئێستا لە ریزی ئەو یانەیەدا ساموێل ئیتۆ و رۆبەرتۆ كارلۆس یاری دەكەن.