فابریگاس: نیمار لە یاری كۆتایی مۆندیالی یانەكاندا نەبوو
سیسك فابریگاسی یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە كە لە یارییەكەدا گۆڵی سێیەمی یانەكەی تۆمار كرد لەبارەی یارییەكەوە گوتی نیمار یاریزانێكی لاوە و داهاتوویەكی گەش چاوەڕێی دەكات، بەڵام من نازانم ئەو لە بەرامبەر ئێمەدا چۆن یاری كرد، چونكە من ئەوم لە ناو یاریگادا نەبینی و بۆ ئەوەی بزانم نیمار چۆن بووە دەبێ سەیری گرتەی ڤیدیۆیی چەند یارییەكی خولی بەرازیلی بكەم تا بزانم ئاستی نیمار چۆنە.
لە یاری كۆتایی مۆندیالی یانەكەدا نیمار و هاوڕێكانی كەوتنە ژێر رەحمەتی توانا و درەوشانەوە و ئاستی بەرزی یاریزانانی بەرشەلۆنەوە و نیمار كە چاوەڕێی ئاستێكی بەرزی لێدەكرا، هیچ بوونێكی لە یارییەكەدا پێشان نەدا.
لە بەرامبەردا پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە گوتی بە هەمان رۆحی یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر مانچستەر یونایتد یاریمان كرد و نەمانهێشت ئەوان 2 یان 3 جار زیاتر تۆپ لە نێوان خۆیاندا بگوازنەوە و ئەوەش نهێنی سەركەوتنی گەورەمان بوو.