یانەی هەولێر و ئەركێكی ئاسان لە جامی یەكێتی ئاسیا 2012

یانەی هەولێر و ئەركێكی ئاسان لە جامی یەكێتی ئاسیا 2012
ئا: رێبین رەمزی
هەفتەی رابردوو لە شاری كوالالامپۆر پایتەختی مالیزیا تیروپشكی پاڵەوانێتی جامی یەكێتی ئاسیای 2012 راكێشرا لەم پاڵەوانێتیە 32 یانە بەشداری تیا دەكەن و هەریەكە لە یانەكانی هەولێر و زەورا نوێنەرایەتی عێراق دەكەن، لە ئەنجامی ئەم تیروپشكە یانەی هەولێر كەوتە كۆمەڵەی دووەم شانبەشانی یانەكانی (كازمەی كوێتی، عروبەی یەمەنی، ئیست بەنگالی هیندستان) یاری دەكات و یانەی زەورا شانبەشانی یانەكانی ( سەفا لوبنانی، شوڕتەی سوری، براوەی یاری نێوان ڤیكتۆری دوورگەكانی ماڵدیڤ و تەلال یەمەنی) یاری دەكات.
ئەنجامی تیروپشكی پاڵەوانێتیەكە بەمشێوەیە بوو:
كۆمەڵەی یەكەم (قادسیە كوێت، ئیتیحاد سوریا، فەیسەڵی ئوردن، سوێق عومان)
كۆمەڵەی دووەم (ئێست بەنگال هیندستان، كازمە كوێت، هەولێر، عروبە یەمەن)
كۆمەڵەی سێیەم (عەهد لوبنان، دۆڕاوی لە یارییەكانی پاڵاوتن بۆ خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا، كوێت كوێتی، ڤی بی دوورگەكانی ماڵدیڤ).
كۆمەڵەی چوارەم (دۆڕاوی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ خولی یانە پاڵەوانێتییەكانی ئاسیا، ساڵگۆكار هیندستان، پاڵەوانی جامی عومان، وەحدات ئوردن)
كۆمەڵەی پێنجەم ( شورتە سوریا، سەفا لوبنانی، براوی یاری نێوان تەلال یەمەن و ڤیكتۆری دورگەكانی ماڵدیڤ، زەورا)
كۆمەڵەی شەشەم ( كیتشی هۆنگ كۆنگ، تیرینگانۆ مالیزیا، سۆنگ لام ڤێتنام، تامبینز رۆڤرز سەنگافورە)
كۆمەڵەی حەفتەم (یانگون یونایتد ماینمار، سیتزنز هۆنگ كۆنگ، هۆم یونایتد سەنگافورە، دۆڕاوی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا)
كۆمەڵەی هەشتەم ( كیلانتان مالیزیا، ئەیایاوادی میانمار، ئەریما ئەندنووسیا، نافییناك ئەریگون ڤێتنام).
چەند زانیارییەك دەربارەی یانەكانی كۆمەڵەی یانەی هەولێر
ئیست بەنگال هیندستان
ئەم یانەیە لە ساڵی 1920 دامەزراوە و یەك بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا كردووە و لە یارییەكانی پاڵاوتن ماڵئاوایی كرد و پێنج جار بەشداری لە جامی یەكێتی ئاسیا كردووە و باشترین ئەنجامی لە ساڵی 2004 بوو كاتێك توانی بگاتە قۆناغی 16ی ئەم پاڵەوانێتیە و لە چوار جار لە قۆناغی یەكەم ماڵئاوایی لەم پاڵەوانێتیە كردووە و لە خولی هیندستان لە پلەی 12یەم دێت دوای بەڕێوەچوونی دوو یاری لەم خولە و لە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولی هیندستانی بە دەستهێناوە.

كازمە كوەێت
یانەی كازمە لە ساڵی 1964 دامەزراوە و چوار جار خولی كوەێت و شەش جار جامی ئەمیری كوەێتی بە دەستهێناوە و دوو جار پاڵەوانێتی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداوەی بە دەستهێناوە و دوو جار بەشداری خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا-ی كردووە و یەك جار بەشداری لە جامی یەكێتی ئاسیای كردووە و لە وەرزی رابردوو یانەی كازمە پلەی چوارەمی لە خولی كوەێت بە دەستهێناوە.
لەم یانەیە چەندین یاریزانی هەڵبژاردەی كوەێت یاری دەكات، هەروەها چەند یاریزانێكی پیشەگەر لە ریزی ئەم یانەی یاری دەكات.

عروبەی یەمەنی
ئەم یانەیە لە ساڵی 2007 دامەزراوە و تەنیا دوو جار بە شداری لە خولی یەمەن كردووە لە ساڵی 2009-2010 پلەی شەشەمی بە دەستهێنا و لە ساڵی 2010 – 2011 توانی ببێتە پاڵەوانی خولی یەمەن بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا، ئەم یانەیە پاڵپشتیەكی دارایی بەهێزی هەیە و لە ڕیزەكانیدا دوو یاریزانی نایجیری لە هێڵی ناوەڕاست و بەرگری یاری دەكات و یاریزانێكی میسری لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات و راهێنەرەكەشی سودانییە و هەوڵ دەدات لەم پاڵەوانێتیە ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنێت و ئێستا گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێكی هەڵبژاردەی یەمەن مۆركردووە وەكو گۆڵپارێز موعاز عەبدولخالق و چەند یاریزانێكی تر.
دوای خوێندنەوەیەكی لەم تیروپشكە بەپێی چاودێرانی وەرزشی هەردوو یانەی هەولێر و كازمە كوەێتی پاڵێوراوی سەرەكین بۆ سەركەوتن بۆ قۆناغی 16، هەرچەندە تۆپی پێی گەورە و بچووكی نییە.
لە لایەكی ترەوە ئەندامانی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر تەئكیدیان لەوە كردووە، كە رێز لە هەموو یانەكانی ئەم كۆمەڵەیە دەگرن و هیچ كۆمەڵەیەك ئاسان نییە.
Top