سەگڤان سەعید:خولی لاوان بە دوو قۆناغ بێت باشترە
* لەم وەرزە چۆن دەڕوانیتە خولی لاوانی یانەكانی كوردستان ؟
- ئەوەی ڕاستی بێت،خولەكە ئاستێكی بەرزی هەبوو ئەم وەرزە تیپەكان زۆر بەهێز بوون، ساڵ بەساڵیش بەهۆی پشتگیری یانەكان بۆ یاریزانان خولەكە بەهێزتر دەبێت.
*پێت باشە خولی لاوان ببێتە دوو قۆناغ لە بڕی یەك قۆناغ،كەساڵانە بەم شێوازە ئەنجام دەدرێت؟
- دوو قۆناغی ڕەنگە زەحمەت بێـت بۆ تیپ ویەكێتی تۆپی پیێ كوردستانیش، بەڵام بەش بەحاڵی خۆم من بەباشی دەزانم ئەگەر بە دوو قۆناغ بێت یاریزانان پتر ئەزموون پەیدا دەكەن و زیاتر گرنگی دەبێت بۆیانەكان.
*بۆچی ئاستی تیپی یانەكەتان وەكو پێویست نەبوو لەم خولە؟
-ئەو ئاستە نەبوو كە ببێـتە جێگای دڵخۆشی ئێمە، ئەوەی ئێمە نیازمان بوو بەدەستمان نەهێنا،ئاستی یاریزانەكانیش وەكو پێویست نەبوون،هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە تیپێكی تازەمان دروست كرد .
*بەرنامەت چییە بۆتیپی لاوانی زاخۆ لە داهاتوو؟
-بەنیازم لە پاڵەوانێتی قوتابخانەكانی شاری زاخۆ كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانا بۆ تیپی زاخۆ دەستنیشان بكەم،بۆماوەیەك لەگەڵیان بەردەوام بم بۆئەوەی بتوانم تیپێكی نموونەیی دروست بكەم،كە 20یاریزان دەستنیشان بكەین، دواتریش پشت بە یاریزانانی تیپە میللیەكان ببەستم بۆ هێنانی یاریزانی زیاتر بۆئەوەی هەماهەنگی باش دروست بكەین.
*كێشەوگرفتەكانتان چین لە یانەی زاخۆ؟
-هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە،چونكە دەستەی كارگێڕی یانەی زاخۆ بەردەوام هاوكاری تیپەكانمان دەكات،بەگشت ئاستەكانییەوە .
*لەگەڵ سەلیم مەلاخ بەردەوامی لەكاركردن بۆتیپەكانی تەمەن جیاوازەكان؟
-بەڵێ من و ناوبراو بەهاوكاری یەكتری كار دەكەین لە تیپەكانی ئاستەكانی تەمەن دەمانەوێ بەرنامەیەكی باش دابنێین بۆتیپەكانی خۆمان،بەپێی بەرنامەیەكی داڕێژراو كار دەكەین بۆدروست كردنی یاریزانی بەتوانا بۆ یانەكەمان هەماهەنگی باشیشمان هەیە.
*یاریزانانی تیپی لاوان هیچ مووچە وگرێبەستێكیان هەیە،لە یانەی زاخۆ؟
-تەنیا بەمووچە كار دەكەین لەگەڵ یانەی زاخۆ وهیچ گرێبەستێكیان نییە .
* زیاتر پشت بە یاریزانی شاری خۆمان دەبەستن،یاخود یاریزانانی دەرەوەی شار؟
-ئێمە زیاتر پشت بە یاریزانانی شاری زاخۆ دەبەستین،چونكە سوودێكی زۆری دەبێت بۆ یانەی زاخۆ.
*هاتنی سەلیم مەلاخ گرنگیەكی ئەوتۆی دەبێت، بۆ تیپەكانی ئاستە جیاوازەكان؟
-ناوبراو بۆ4ساڵ گرێبەستی كردووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی تیپەكانی لاوان وتازە پێگەیشتووان بكات،ڕەنگە سوودێكی هەبێت بۆیانەكەمان.
*لەگەڵ ئەوەی كە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە لەگشت شارەكانی كوردستان؟
-كارێكی یەكجار باشە وئەگەر بكرێت بۆئەوەی یاریزانانی خۆمان دروست بكەین وپشت بەتواناكانیان ببەسترێ كارێكی باشە.
*پێت باشە نییە لەمە بەدواوە پشت بە ڕاهێنەرانی خۆمان ببەسترێ بۆسەرپەرشتی كردنی تیپەكان؟
-ڕاهێنەرانی كوردی خۆمان گەلێك باشترە لە ڕاهێنەرانی بیانی،ئەنجامیشمان دەبێت بە یاریزانانی خۆمان،ڕاهێنەرانی خۆمان ئەزموونیان زیاتریشە .
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-پێم باشە خوڵی بەردەوام بكرێتەوە بۆڕاهێنەرانی خۆمان بۆ ئەوەی بگەیەننە ئاستێكی باش، یانەكانیش پشت بە یاریزانانی لاوان ببەستن سەریانبخەن،پشت بە یاریزانانی خۆمان ببەستین باشترە نەوەك یاریزانی تر بهێنین،سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەكەم.
ئا:كارزان كانەبی