كرۆیڤ: چاڤی شایستەترە بۆ تۆپی زێڕین

كرۆیڤ: چاڤی شایستەترە بۆ تۆپی زێڕین
یۆهان كرۆیڤی یاریزانی پێشووی هۆڵەندی گوتی چاڤی هێرناندێزی ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی شیاوترین كەسە بۆ ئەوەی لە وەرزی ئەمساڵدا نازناوی باشترین یاریزانی جیهان و تۆپی زێڕین وەربگرێت.
هەرچەندە كرۆیڤ پێی وایە لۆنێل میسی یاریزانێكی نموونەیی بێهاوتایە لە هەموو روویەكەوە، بەڵام هیوادارە چاڤی لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا لە كاتی ئاشكرا كردنی براوەی خەڵاتەكەدا ئەو خەڵاتەی پێ بدرێت، هەرچەندە بە بڕوای ئەو چاڤی هەلی بردنەوەی كەمە.
كرۆیڤی یاریزانی پێشووی بەرشەلۆنە لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی جیهانەوە گوتی هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی جیهان پشت بە ئارەزووی دەنگدەرەكانی ئەو خەڵاتە دەبەستێت نەك پێوانەی هونەری و لێهاتوویی، لەگەڵ ئەوەشدا میسی نزیكترین كەسە بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە بۆ ساڵی سێیەم لەسەر یەك.
كرۆیڤ هەروەها گوتی میسی لە دوو ساڵی رابردوودا خەڵاتەكەی بەدەست هێناوە، لەبەرئەوە چاڤی لە پێشترە بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە، هەروەها كەسانی تریش هەن شایستەی ئەو خەڵاتەن، لەوانەش ئەندرێس ئینێستا.
Top