ئەنچیلۆتی: بواش راهێنەرێكی گەورەیە، پێویستە جەماوەر ئارامیان هەبێت لەسەری
بواش لە ماوەی رابردوودا لەلایەن هاندەرانی چێڵسییەوە هێرشێكی زۆری كرایە سەر بەهۆی ئاستی ناجێگیری تیپەكەی لە هەردوو خولی نایابی ئینگلیزی و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و چوونە دەرەوە لە جامی یانە پیشەگەرەكانی ئینگلتەرا.
ئەنچیلۆتی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی كۆریری دیلا سێرای ئیتاڵی گوتی چێڵسی تیپێكی زۆر گەورەیە، من وەك راهێنەری پێشووی ئەو یانەیە دەزانم بواش لە كارەكەیدا چ پاڵەپەستۆیەكی زۆری لەسەرە.
هەروەها گوتی بێگومان هەر راهێنەرێك پۆستی بەڕێوەبردنی چێڵسی بگرێتە ئەستۆ پێویستە لەسەری كار بۆ بردنەوەی پاڵەوانیەتییەكان بكات، بەڵام گەیشتنە ئەو ئامانجە پێویستی بە هەندێك ماوە هەیە و پێویستە جەماوەر ئارام بگرن لەسەر راهێنەری تیپەكە، بە تایبەت كە بواش هێشتا راهێنەرێگی گەنجە و ئەزموونی زۆر نییە و پێویستی بە پشتگیری هاندەرانی یانەكەی هەیە.