ئەلیگری: بە هاتنی تێڤێز دەبینە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەر
ئەلێگری پێی وایە تێڤێز هێز و تینێكی تر بە هێڵی هێرشبەری تیپەكەی دەدات بۆیە گوتی شتێكی باشە ئەگەر تێڤێز یاری بۆ میلان بكات، چونكە ئەو یاریزانێكی نایابە و پێم وانییە كێشەی كەسی لە ئیتاڵیادا بۆ دروست بێت وەك ئەوەی لە ئینگلتەرا تووشی هاتووە.
ئەلێگری زیاتر هانی تێڤێزی دا بۆ چوونە میلان كاتێك گوتی هەموو یاریزانێك كەسایەتییەكی تایبەت بە خۆی هەیە و من مامەڵە لەگەڵ هەر یاریزانێكدا دەكەم بە پێی كەسایەتیی خۆی نەك شتێكی تر و رێزی هەمووان دەگرم.
راهێنەری پاڵەوانی وەرزی رابردووی ئیتاڵیا گوتی ئەگەر تێڤێز بێتە میلان، تیپەكەمان دەبێتە خاوەنی زەبەلاحترین هێڵی هێرشبەر لە هەموو جیهاندا.
یانەی میلان ئێستا هەوڵی زۆر دەدات بۆ ماوەی 6 مانگ تێڤێز بێنێتە ریزەكانییەوە و دواتر بەیەكجاری ئەو یاریزانە بكڕێت.