شۆخان قادر: كێشەی ئێمە نەبوونی شوێنی گونجاوە بۆ مەشق كردن

شۆخان قادر: كێشەی ئێمە نەبوونی شوێنی گونجاوە بۆ مەشق كردن
شۆخان قادر یەكێكە لە كچە یاریزانە هەر بە تواناكانی كوردستان و عێراق لە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی و لە دایكبووی ساڵی 1993ی شارۆچكەی رانیە و تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە، لە هەریەكە لە یانەكانی رانیە و ئارارات یاری كردووە لە یاری بادمنتۆن و تۆپی پێ و تۆپی بالە و تۆپی دەستدا یاری كردووە و دواتر رووی لە بەرزكردنەوەی قورسایی كردووە، لەم یارییە دووجار پاڵەوانی كوردستان بووە و جارێكیش پلەی دووەمی بە دەستهێناوە و یەك جار توانی ببێتە پاڵەوانی عێراق، بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە ئەم دیمانەیە لەگەڵ ئەنجام بدەین.
* بۆچی یاری بەرزكردنەوەی قورساییت هەڵبژاردە؟
- چونكە یارییەكی دەگمەنە و زۆرم حەز لەم یارییە بوو لەسەر ئاستی كوردستان چونكە لە كوردستان بۆ كچان یارییەكی تازەیە، بۆیە هەڵمبژارد. هیوادارام زیاتر بایەخی پێبدرێت.
* لە رانیە تا چەند وەرزشی ئافرەتان بایەخی پێ دەدرێت؟
- تا رادەیەك بایەخی پێ دەدەن، بەڵام بەمشێوەیە نییە. هیوادارم زیاتر گرنگی پێبدرێت بۆ ئەوەی پێش بكەوێت.
* چۆن دەڕوانیتە ئاستی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان؟
- بەداخەوە ئاستی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان وەكو پێویست نییە، چونكە بەرپرسانی وەرزشی زیاتر بایەخ بە تۆپی پێ دەدەن، هیوادارم كوردستانیش بۆ وەرزش چاو لە وڵاتانی دەرەوە بكات، چونكە لەوێ ئەوەی كە گشت یارییەكان بكات بە یەك چاو سەیر دەكەن.
* كێشە و گرفتتان چییە؟
- كێشەی ئێمە نەبوونی شوێنی گونجاوە بۆ مەشق كردن و هەروەها لە لایەن بەرپرسانی ئەم بوارەوە بایەخمان پێ نادرێت، ئەمانە كێشەی سەرەكی ئێمەن.
* لە ماوەیەكی كورتدا توانیت ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنیت، ئەمە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- ئەوەی راستی بێت یانەی ئارارات زۆر بایەخمان پێ دەدات و هەموو پێداویستییەكمان بۆ دابین دەكات، زۆر سوپاسیان دەكەم و ئەم ئەنجامە بەرچاوانەی من بۆ ماندووبوونی ئەوان دەگەڕێتەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا شۆخان گوتی:
زۆر سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە هاوكارییان كردووم، بە تایبەتی بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رانیە، كە هەردەم پاڵپشتم بووە و هەموو شتێكی بۆ دابین كردووم و سوپاسی دەستەی كارگێڕی یانەكەم دەكەم.
Top