هەفتەی رابردوو لە شاری بەغداد شاندی هەڵبژاردەی پایسكلسواری عێراق بەرەو وڵاتی ئێران بەرێكەوتن، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆردوگایەكی مەشقی بۆ خۆئامادەكردن بۆ پاڵەوانێتی یارییەكانی وڵاتانی عەرەب، كە بڕیار وایە9ی ئەم مانگە لە وڵاتی قەتەر بەڕێوە دەچێت، لەم هەڵبژاردەیەدا راهێنەرێك و سێ یاریزانی كوردی تێدایە، لە لێدوانێكیدا موسا موحسین راهێنەری یانەی هەولێر و یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی: بە مەبەستی خۆئامادەكردنمان بۆ پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی، كە لە 9ی ئەم مانگە لە وڵاتی قەتەر بەڕێوە دەچێت ئۆردوگایەكی مەشقیمان لە وڵاتی ئێران ئەنجامدا، چونكە ئەو شوێنەی كە ئۆردوگایەكەمان لێئەنجامدا كەشو هەوای زۆر نزیكە لە كەش و هەوای وڵاتی قەتەر.
لە درێژەی قسەكانیدا موسا موحسین گوتی: لە ریزی هەڵبژاردەی پایسكلسواری عێراق سێ یاریزانی كوردی تێدایە، ئەویش هەریەكە لە یاریزانانی یانەی هەولێر جۆڤان تۆمی و ئامانج شێرزاد و یاریزانی شاری كەركووك یوسف عەزیز.
لە كۆتایی قسەكانیدا موسا موحسێن گوتی: ئێمە چاوەڕوان دەكەین لەم پاڵەوانێتیە ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنین، چونكە ئاستی یاریزانەكان بەرزە.
جێگەی باسە راهێنەری ئێرانی مەجید راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە بۆ پایسكلسواری.