بەیان زەكریا یاریزانی بالەی شاری سنە: پێویستە لایەنی بەرپرس هۆڵێكمان بۆ بكەنەوە
لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی برایەتییەوە كرد؟
- ئەوان نامەیان ناردبوو بۆ شاری سنە بۆئەوەی دوو یاریزانی باش پەیوەندییان پێوە بكەن، بۆیە منیش ئەو داوایەم قبوڵ كرد و هاتمە ریزی یانەی برایەتی .
*ئاستی یاری بالە لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- ئاستێكی زۆر بەرزی هەیە لە شارەكانی كوردستان و یانەكانیش گرنگی باش بە ئاست و توانای یاریزانانی كچ دەدەن، بەهیوای ئەوەشم گرنگی زیاتر بە تیپی كچان بدرێت، پێشتر بڕوام نەدەكرد كە ئاستی یاری بالە بەم شێوەیە بێت.
*وەكو كچە یاریزانێكی بە ئەزموون پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم یارییە پێش بكەوێـت؟
- بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لەگشت ئاستەكان بە تایبەتی بۆ منداڵان، بوونی هۆڵی داخراو بۆئەوەی یاریزانانی كچ زیاتر خۆیان ماندوو بكەن و بتوانن ئاستی ڕاستەقینەی خۆیان پێشكەش بكەن.
*ڕاستە لە یانەی برایەتی هۆڵی داخراوتان نییە زۆرجار لەسەر سەبە مەشق دەكەن؟
-بەلی هۆڵێكی تایبەت بەخۆمان نییە و پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس هۆڵێكی مۆدیرنمان بۆ دابین بكەن، بۆئەوەی ئێمەش گرنگی زیاتر بەتواناكانی خۆمان بدەین.
*لەم ماوەیەی كە لە كوردستان ژیان بەسەر دەبەی تاچەند هەست بە ئاسوودەیی دەكەیت؟
- بەڕاستی زۆر ئاسوودەم و لە یانەی برایەتی زۆر هاوكاریمان دەكەن،خۆشەویستییەكی زۆر لە نێوان من و یاریزانان و دەستەی ڕاهینەران هەیە لێرە خزمەتێكی زۆر باش دەكرێین، بۆیە لەم ماوەیە هیچ كات هەستم بە ناخۆشی نەكردووە.
*ئاستی یاری بالە بەبەراورد لەگەل وڵاتی ئێران و كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- ئەوەی ڕاستی بێت،ئاستی وەرزشی لە هەردوو لا پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لە وڵاتی ئێران هۆڵی زیاتر هەیە، ئێران وڵاتێكی پێشكەوتووە لەوبڕوایەش دام لە داهاتوو دا، ئێرەش پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ، بۆیە گەشبینم بە ئاستی وەرزشی لە كوردستان.
* لە یانەی برایەتی كێشەوگرفتتان چییە ؟
-سوپاس بۆخوا هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لە یانەكە و دەستەی كارگێڕی مادی ومەعنەوی هاوكاری بەردەوامی تیپەكەمانن،تەنیا دەمانەوێ هۆڵێكی تایبەت بەخۆمان هەبێت.
*حەزدەكەی بۆماوەیەكی زیاتر لە كوردستان بیت و خزمەتی وەرزش بكەی ؟
- بێ گومان ئەوە هیوای منە، هەتا توانام هەبێت لە خزمەتی وەرزش دا دەبم لە كوردستان،ئێرەش بەماڵی خۆم دەزانم واهەست ناكەم لە وڵاتی خۆم دوورم، لەهەر شوێنێك بین گرنگ ئەوەیە خزمەت بكەین.
*بۆچی لە یاری كۆتایی خولی نایابی عێراق نەبوونە پاڵەوان؟
- هەردوو تیپی ئێمەوئەكاد بە شایستەیی گەیشتبووینە یاری كۆتایی، لەیاری كۆتاییشدا ئێمەش ئاستێكی بەرزمان پێشكەشكرد، بەڵام تیپی ئەكادیش تیپێكی بەهێزە،بۆیە زۆربەی كاتەكان ئاستمان وەكو یەك بوو.
*پەیامت چییە بۆئەو كچانەی وەرزش ناكەن؟
- پێیان دەڵێم وەرزش بەسوودە و وەرزش دەیانگەیەنێتە ئامانج و لوتكە، بۆیە هاتنە نێو وەرزش واتە نوێ بوونەوەی جەستەیان.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
- بەهیوای ئەوەم لەگەڵ یانەی برایەتی بتوانم ئەنجامێكی باش لە خولەكانی داهاتوو بەدەست بهێنم، ببمە ئەستێرەیەكی گەشی یانەكە ناوی یانەی برایەتی بەرز بكەینەوە و بتوانین خۆمان لەریزی یانە گەورەكان بدۆزینەوە.
*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت ماوە؟
- تەنیا سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ بەسەركردنەوەم،بەهیوای ئەوەم وەرزشی یاری بالە بەرزبوونەوەی گرنگ بەخۆیەوە ببینێ و كچانی كوردستانیش ئاستیان بەرز بێتەوە.
دیمانە:كارزان كانەبی