بۆ پایسكلسواری هەولێر بەشداری لەشەشـەمین پاڵەوانێتی یانەكــانی عەرەبی كرد

بۆ پایسكلسواری هەولێر بەشداری لەشەشـەمین پاڵەوانێتی یانەكــانی عەرەبی كرد
رۆژی سێشەممە 15/ 11 شاندی تیپی پایسكلسواری یانەی هەولێر لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێر نێودەوڵەتی بەرەو وڵاتی ئیمارات بەرێكەوت، بە مەبەستی بەشداریكردن لە شەشەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب بۆ پایسكلسواری، كە لە شاری راس ئەلخێمە بەڕێوەچوو و ماوەی پێنج رۆژی خایاند، لەم پاڵەوانێتییە 13 یانە بەشداری كرد ئەویش هەریەكە لە (هەولێر، سەناعە (عێراق)، فەتح (سعودیە)، ئەبها (سعودیە)، موحافەزە (سوریا)، دوحە (قەتەر)، ئەهلی (ئیمارات)، نەسر (ئیمارات)، ئیمارات (ئیمارات)، ئەمن ئەلوەتەنی (لیبیا)، كازمە (كوەێت)، بن جەمرە (بەحرێن)، تەلائح جەیش (میسر)، ئەم پاڵەوانێتییە لە سێ پێشبركی پێكهاتبوو ئەویش (تیپ دژی كات، تاك دژی كات، تاكی گشتی).
شاندی یانەی هەولێر بۆ ئەم پاڵەوانێتییە پێكهاتبوو لە (مەحمود عەزیز (سەرۆك شاند)، ستار ئەحمەد (كارگێری)، یاسین تاهیر مەعروف (ناوبژیوانی پلە یەك)، رێبین رەمزی (راگەیاندكار)، موسی موحسین (راهێنەر)، عەبدولقادر نورەدین (راهێنەر)، ئۆرفیوس جەلال (میكانیكی)، یاریزانەكان (ماسیمۆ فەریق، جۆڤان تۆمی، سلێمان سامی، ئامانج شێرزاد، رێباز موزفەر، عەبدوڵڵا خدر).
هەولێر پلەی هەشتەمی بە دەستهێنا
رۆژی پێنجشەممە (17-11) لە شاری راس ئەلخێمە پێشبركی تیپ دژی كات بەڕێوەچوو بە بەشداریكردنی 13 یانە، ماوەی ئەم پێشبركێیە (58) كیلومەتر و (400)مەتر بوو بە سێ سوڕانەوە تەواو بوو.
لەم پێشبركێیە یانەی هەولێر بە چوار یاریزان بەشداری كرد ئەویش هەریەكە لە (عەبدولڵا خدر، سلێمان سامی، جۆڤان تۆمی، ئامانج شێرزاد)، كە تیاییدا یانەی هەولێر لەم پێشبركێیە لە پلەی هەشتەم هاتن،ریزبەندی تیپەكان لەم پێشبركێیە بەمشێوەیە بوو.
1 - بن جەمرە (بەحرێن)، 2- ئەهلی (ئیمارات)، 3- موحافەزە (سوریا)، 4- دوحە (قەتەر)، 5- فەتح (سعودیە)، 6- تەلائع جەیش (میسر)، 7- ئیمارات (ئیمارات)، 8- هەولێر، 9- سەناعە (عێراق)، 10- نەسر (ئیمارات)، 11- كازمە (كوەێت)، 12- ئەبها (سعودیە) كشانەوەی خۆی راگەیاند لەم پێشبركێیە، 13- ئەمن ئەلوەتنی (لیبیا) كشانەوەی خۆی راگەیاند لەم پێشبركێیە.
لە تاك دژی كات ئەنجامی یاریزانەكانی هەولێر وەك پێویست نەبوو
لە دوو رۆژی پاڵەوانێتییەكەدا پێشبركی تاك دژی كات بەڕێوەچوو، كە تیاییدا دوو یاریزان نوێنەرایەتی یانەی هەولێری كرد ئەویش هەریەكە لە (سلێمان سامی، عەبدولڵا خدر) بوو و ماوەی پێشبركێكە (30)كم و (400)م بە یەك سوڕانەوە نێو تەواو بوو و 22 یاریزان نوێنەرایەتی (13) یانەیان دەكرد لەم پێشبركێیە، بەڵام ئەنجامی یاریزانانی یانەی هەولێر وەكو پێویست نەبوو، كاتێك یاریزان عەبدولڵا خدر لە پلەی (12)یەم هات و یاریزان سلێمان سامی لە پلەی (18)یەم هات، ئەنجامی كۆتایی ئەم پێشبركێیە بەمشێوەیە بوو.
1- عومەر حەسنێن (یانەی موحافەزەی سوری)، 2- یوسف میرزا (یانەی ئەهلی ئیماراتی)، 3- یاسر زیادین (یانەی سەناعە عێراق).
یاریزانێكی هەولێر لە تاكی گشتی پلەی دەیەمی بە دەستهێنا
دوای ئەوەی لێژنەی سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتییەكە بڕیاریدا رۆژی شەممە پشوو بێت بۆ گشت تیپەكان رۆژی یەكشەممە دوایین رۆژی پاڵەوانێتییەكە بوو، كاتێك پێشبركی تاكی گشتی بەڕێوەچوو، یانەی هەولێر لەم پێشبركێیە بە شەش یاریزان بەشداری كرد، ئەویش هەریەكە لە (ماسیمۆ فەریق، جۆڤان تۆمی، سلێمان سامی، ئامانج شێرزاد، رێباز موزفەر، عەبدوڵڵا خدر) بوو، ماوەی ئەم پێشبركێە (140كم) و بە 14 سوڕانەوە تەواو بوو، كە تیاییدا 66 یاریزان نوێنەرایەتی (13) یانەیان دەكرد لەم پێشبركێیە.
یاریزانی یانەی هەولێر عەبدولڵا خدر توانی ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنێت و لە پلەی (10) یەمی پێشبركێكە بێت و هەروەها ریزبەندی یاریزانەكانی تر بەمشێوەیە بوو جۆڤان تۆمی پلەی (30)یەم هات دوای ئەوەی یاریزانەكان لە پلەی (22) تا (37) بەهەمان كات گەیشتنە هێڵی كۆتایی و ماسمیۆ فەریق پلەی (40) و ئامانج شیرزاد پلەی (41) و سلێمان سامی پلەی (42) و رێباز موزفەر پلەی (47) هاتن، ریزبەندی كۆتایی ئەم پێشبركێیە بەمشێوەیە بوو.
1- نەزیر ئەلجاسر (موحافەزە سوریا)، 2- ناسر ئەحمەد (فەتح سعودیە)، 3- خالید بەسام (دوحە قەتەر).
ریزبەندی كۆتایی تیپەكان لە تاكی گشتی بەمشێوەیە بوو.
1- موحافەزە سوری، 2- فەتح سعودی، 3- تەڵائع جەیش میسر، 4- دوحە قەتەر، 5- بن جەمرە بەحرێن، 6- ئیمارات ئیمارات، 7- ئەهلی ئیمارات، 8- سەناعە عێراق، 9- نەسر ئیمارات، 10- هەولێر، 11- ئەبها سعودیە، 12- كازمە كوەێت، 13- ئەمن ئەلوەتنی لیبیا.
جێگەی باسە لە كاتی بەڕێوەچوونی پێشبركێكە لە سووڕانەوەی 7 شەر و پێكدادانێكی گەورە لە نێوان یاریزانانی یانەی تەڵائع جەیش و ئەهلی ئیماراتی و فەتح سعودی و تیپێكی تر روویدا، بەڵام لێژنەی ناوبژیوانانی ئەم پاڵەوانێتییە هیچ سزایەكی لەسەر یانەكان نەچەسپاند، بە پێی یاسای پایسكلسواری دەبێت یانەكان سزایەكی توند بدرێن، كە دەگاتە دوورخستنەوە لە ئەنجامی كۆتایی پێشبركێكە.
20یەم پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ پایسكلسواری لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت
یەكێتی پایسكلسواری عەرەب بەفەرمی رەزامەندی دەربڕی، كە 20یەم پاڵەواێنێتی وڵاتانی عەرەب بۆ پایسكلسواری كوڕان و 10یەم پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب بۆ پایسكلسواری لەسەر ئاستی كچان لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت، ئەم بڕیارە بە رەزامەندی گشت وڵاتە عەرەبییەكان بوو و زۆربەی وڵاتە عەربییەكان خۆشحاڵی خۆی و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی لەم پاڵەوانێتییە ئامادە بن، لە هەمان كاتدا حاكمی ئیماراتی راس ئەلخێمە بەفەرمی پێشوازی لە سەرۆكی شاندە بەشداربووەكانی ئەم پاڵەوانێتییە كرد و یەكێكە لەوان سەرۆك شاندی یانەی هەولێر مەحمود عەزیز بوو، كە تیاییدا حاكم ئیمارەی راس ئەلخێمە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پاڵەوانێتیە لە شاری راس ئەلخێمە و هیوای سەركەوتنی بۆ تیپە بەشداربووەكان خواست و هەروەها لە هەواڵی گشت یانە بەشداربووەكانی پرسی بە تایبەتی یانەی هەولێر.
ناوبژیوانێكی كورد بەشداری لە بەڕێوەبردنی ئەم پاڵەوانێتییە كرد
بۆ یەكەم جار لە مێژووی كوردستان ناوبژیوانێكی كورد بەشداری لە بەڕێوەبردنی شەشەم پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب كرد، ئەویش ناوبژیوانی شاری هەولێر یاسین تاهیر مەعروف بوو، كە توانی بە سەركەوتوویی بەشداری لە بەڕێوەبەردنی ئەم پاڵەوانێتیە بكات و لێژنەی ناوبژیوانان بەفەرمی دەستخۆشیان لەم ناوبژیوانە كرد و هیوایان خواست ئەم ناوبژیوانە لە پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو بەشداری بكات.
جێگەی باسە یاسین تاهیر مەعروف ناوبژیوانی پلە یەكی عێراقە بۆ پایسكلسواری.
بە هۆی دانانی ئاڵای پێشووی عێراق یانەی هەولێر هەڕەشەی كشانەوە لە پاڵەوانێتییەكە كرد
لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی كردنەوەی پاڵەوانێتیەكە و كۆبوونەوەی هونەری شاندی هەولێر تووشی شۆك بوون بەهۆی بەكارهێنانی ئاڵای كۆنی بەعس (سێ ئەستێرە) وەكو ئاڵای فەرمی عێراق هەرچەندە ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە ئەم ئاڵایە گۆڕاوە، كەچی لە بەرانبەردا ئاڵا تازەكەی لیبیا لەم پێشبركێیە بەكار هات، هەرچەندە ماوەی چەند مانگێكە گۆڕاوە، ئەمەش بوو بەهۆی ناڕەزاییەكی زۆر لەلایەن شاندی یانەی هەولێر، بۆیە بەفەرمی سەرۆك شاندی هەولێر مەحمود عەزیز سكاڵایەكی پێشكەشی لێژنەی سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتییەكە كرد و تەئكیدی لەوە كردووە، ئەگەر هاتوو لە رۆژی یەكەمی پێشبڕكێكە ئاڵا نوێیەكی عێراق بەكار نەهێندرێت ئەوە بەفەرمی كشانەوەی خۆی رادەگەێنێت و ئامادە نییە لە ژێر ئاڵای كۆنی بەعس بەشداری لەم پاڵەوانێتییە بكات، بەڵام خۆشبەختانە لێژنەی سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتییەكە لە رۆژی یەكەمی پاڵەوانێتییەكەدا ئاڵای نوێی عێراقیان دانا و سەبارەت بە كردەوەی پێشوویان بەفەرمی داوای لێبوردنیان لە شاندی یانەی هەولێر كرد، ئەم هەنگاوەی یانەی هەولێر بووە جێگەی دەستخۆشی سەرۆكی یەكێتی پایسكلسواری عێراق و لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق.
سەرۆك شاندی هەولێر:
چاوەڕوانی ئەنجامی باشترمان دەكرد
دوای تەواوبوونی شەشەمی پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب بۆ پایسكلسواری سەرۆك شاندی هەولێر مەحمود عەزیز تەئكیدی لەوە كردووە، كە چاوەڕوانی ئەنجامی باشترمان دەكرد لەم پاڵەوانێتییە و گوتی: وەكو بەشداریكردن لەم پاڵەوانێتییە بەشداریكردنێكی باش بوو و سوودێكی باشمان لێوەرگرت، بەڵام ئەنجام لەم پاڵەوانێتییە باش نەبوو و چاوەڕوانی ئەنجامی باشترمان دەكرد لە یاریزانەكان، بەڵام ئەمە نابێتە بیانوو، كەچی غەدرێكی گەورە لە هەندێك لە تیپە بەشداربووەكان كرا، چونكە هەندێك وڵات بە هەڵبژاردەی یەكەم بەشدارییان لەم پاڵەوانێتییە كرد بە ناوی یانەكان بۆ خۆئامادەكردن بۆ یارییەكانی وڵاتانی عەرەبی، كە مانگی داهاتوو لە قەتەر بەڕێوە دەچێت ئەویش هەریەكە لە (هەڵبژاردەی سوریا)بە ناوی یانەی موحافەزە بەشداری كرد و (هەڵبژاردەی بەحرێن )بە ناوی یانەی بن جەمرە و (هەڵبژاردەی میسر)بەناوی یانەی تەلائع جەیش و (هەڵبژاردەی سعودیە) بەناوی یانەی فەتح و (هەڵبژاردەی قەتەر )بەناوی یانەی دوحە بەشدارییان كرد، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارەكان، كە بووی هۆی بە دەست نەهێنانی ئەنجامێكی باش لەم پاڵەوانێتییە.
لە درێژەی قسەكانیدا مەحمود عەزیز گوتی: بەڵام توانیمان لەم پاڵەوانێتیە دەستكەوتێكی گەورە بە دەست بهێنین، كاتێك یەكێتی پایسكلسواری عەرەب بەفەرمی داوای كرد، كە شاری هەولێر میوانداری 20یەمین پاڵەوانێتی پایسكلسواریی وڵاتانی عەرەب بۆ كوڕان و 10یەمین پاڵەوانێتی پایسكلسواری وڵاتانی عەرەب بۆ كچان بكات، ئێمەش وەكو یەكێتی پایسكلسواری لقی هەولێر دوای وەرگرتنی رەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان رەزامەندی خۆمان دەربڕی بۆ میوانداریكردنی ئەم پاڵەوانێتییە لە شاری هەولێر.
راپۆرت: رێبین رەمزی – ئیمارات
Top