جاهیدە جەوهەر یاریزانی بالەی یانەی ئەكاد : ئافرەت حەز دەكات وەرزش بكات

جاهیدە جەوهەر یاریزانی بالەی یانەی ئەكاد : ئافرەت حەز دەكات وەرزش بكات
تیپی باڵەی یانەی ئەكاد هەمیشە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بەوە بەناوبانگ بووە كە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانای لە خۆگرتووە لەناو ئەم یاریزانانەشدا یاریزان جاهیدە جەوهەرە لەدایكبووی ساڵی 1988ی شارۆچكەی عەنكاوەیە ودەرچووی كۆلێژی ئەدبیاتەی بەشی ئینگلیزییە و یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی یانەی ئەكاد ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیمان لەگەڵ ئەنجامدا.
* لە كوردستاندا ئاستی یاری بالەی چۆن دەبینی ؟
- ئەوەی ڕاستی بێت،ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان رۆژ بە رۆژ لە پێشكەوتندایە ولەم بڕوایەشم ئەگەر گرنگی باش بەتیپەكانی كچان بدرێت ئاستیان باشتر دەبێت.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبكەوێت؟
-گرنگی زیاتر بدرێت بە یاریزانەكانی لە ئاستی تەمەنە جۆراوجۆرەكان، بۆئەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە، هۆڵی زیاتر بۆئافرەتان بكرێتەوە، چونكەئێستا زۆربەی یانەكان هۆڵی تایبەتیان نییە بۆ ئەوەی پەرە بە ئاستی خۆیان بدەن.
*چۆن بوونە پاڵەوانی یانەكانی عێراق؟
-ئێمە ساڵانە بەردەوام مەشق دەكەین، لەم ساڵیش بە شێوەیەكی گشتی باش خۆمان ئامادەكردبوو بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنین، هەموو یاریزانان بە ئاستێكی شایستە وبەیەك دڵ یارییمان دەكرد و توانیمان ئاستێكی بەرزنیشان بدەین ببینە پاڵەوانی خولەكە.
* لە یانەی ئەكاد كێشەو گرفتان چییە؟
-بەڕاستی سوپاس بۆدەستەی كارگێڕی كە بەردەوام هاوكاریمان دەكەن وپاڵپشتی یانەكەمانن و هیچ كێشەیەكمان نییە.
*بۆچی لە كوردستان ئافرەت كەم وەرزش دەكات ؟
- بەڕاستی زۆر جار ئافرەت حەز دەكات وەرزش بكات،بەڵام رێگای لێدەگیرێت و زۆرجار كۆمەڵگا ئافرەتی وەرزشكار بە چاوێكی تر سەیر دەكات،بەڵام ئێمە بەردەوام هاوكاری دەكرێین لەلایەن خانەوادەكەمان،
*پەیامت چییە بۆئەو كچانەی وەرزش ناكەن؟
_ئەگەر دەیانەوێ لەش ساغ وئاسوودەبن با وەرزش بكەن،باشترین رێگایە بۆئافرەت وەرزشە
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
_ بەهیوای ئەوەم لەگەڵ یانەی ئەكاد بتوانم لە پاڵەوانێتییەكی دەرەوە بەشداری بكەین و باشترین ئەنجامیش لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە بەدەست بهێنین، ببمە یەكێك لە یاریزانە باشەكانی یانەكە.
*هیچ كات لەلایەن خانەوادەكەت رێگریت لێ نەكراوە لە وەرزشكردن؟
-نەخێر زۆریش هاوكاریم دەكەن ئاست بەرزیم بۆپاڵپشتی ئەوان دەگەڕێتەوە .
*چی بە بەرپرسانی وەرزشی دەلێی؟
-بەهیوای ئەوەم پشتگیری بەردەوامی وەرزش بكەن لە كوردستان بۆئەوەی ئاستی وەرزشی بەرز بێتەوە، بگاتە لوتكەی وەرزشی عێراق
*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت ماوە؟
_تەنیا سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم،بەهیوای ئەوەشم بەردەوام بێت لە خزمەت كردنی ئافرەتی وەرزشكار.
Top