نادال: ئیسپانیا و ئەرجەنتین بەر لە یاری كۆتایی جامی دیڤز لە ژێر فشاردان
لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا نادال گوتی هەموومان هەست لە فشاری سەرمان دەكەین، بەڵام ئەو فشارەی لەسەر ئێمەیە هاوتای ئەو فشارەیە كە لەسەر یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە، لە چەند ساڵی رابردوودا ئێمە 4 نازناوی جامی دیڤزمان بردووەتەوە و كەس نییە لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەو جامەی بەرز نەكردبێتەوە.
نادال گوتی لە 7 ساڵی رابردوودا ئاستی من لەسەر یاریگا خۆڵییەكان بەرز بووە، بەڵام جامی دیڤز ئاڵۆزە و ماوەیەكی زۆر لە بەردەستدا نییە بۆ ئامادەكاری، هەروەها مەترسیدارترین پاڵەوانیەتییە.
نادال پەسنی هاوڕێیەتی نێوان یاریزانانی هەڵبژاردەی تێنسی ئیسپانیای كرد و گوتی هەموومان یەكتری باش دەناسین و دەزانین ئەركی سەرشانمان چییە، هەر یەكەمان هەوڵ دەدات یارمەتی ئەوانیتر بدات.
هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەموو یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەیانەوێ ئەمساڵ بە بردنەوەی ئەو نازناوە كۆتایی پێ بێنن.