فۆرلان: لە ئەتلتیكۆ مەدرید زوڵمیان لێدەكردم

فۆرلان: لە ئەتلتیكۆ مەدرید زوڵمیان لێدەكردم
دیگۆ فۆرلانی ئەستێرەی ئۆرۆگوایی و هێرشبەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی گوتی تا ئێستاش دڵم دەمباتەوە بۆ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید هەرچەندە لەو یانەیە هەندێك شت هەیە حەز ناكەم بیرم بكەونەوە.
لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی ماركای ئیسپانی فۆرلان گوتی ئەوەی لە ئەتلەتیكۆ پەستی دەكردم ئەوەنەبوو كە نەیاندەهێشت بچمە ریال مەدرید، بەڵكە شێوازی مامەڵەیان بوو لەگەڵمدا.
هەروەها گوتی كاتێك دەستەوارەیەك بۆ كڕینی یاریزانێك رەت دەكەیتەوە، نابێ چاوەڕێی ئەوە بكەی شتەكان وەك پێشتر بمێننەوە، ئەوان بەو شێوەیە سزای منیان دەدا.
فۆرلان هاوینی رابردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی بەرەو ئینتەر میلانی ئیتاڵی بەجێهێشت.
ئەو هێرشبەرە ئاشكرای كرد تەماشای یارییەكەی ریال مەدرید و ئەتلەتیكۆی كردووە كە 4-1 كۆتایی هات و گوتی لە خولەكەكانی سەرەتادا ئەتلەتیكۆ زۆر باش بوو، بەڵام دواتر پێچەوانە بووەوە.
هەروەها گوتی ئەتلەتیكۆ نازانن چۆن رێزی ئەستێرەكانیان بگرن، ئەوان هەر هێندە دەزانن كە پێویستە یاریزان لە یانەكەیان بمێنێتەوە و خەمی دەروونی یاریزانیان نییە.
Top