بۆریس بیكەر: ركابەریی نێوان فێدرێر و نادال بەهێزترین ركابەریی نێو یاری تێنسە لە مێژوودا

بۆریس بیكەر: ركابەریی نێوان فێدرێر و نادال بەهێزترین ركابەریی نێو یاری تێنسە لە مێژوودا
بۆریس بیكەری یاریزانی پێشووی تێنسی ئەڵمانی پێی وایە ركابەریی نێوان هەردوو ئەستێرە رۆجێ فێدرێر و رافا نادال بەهێزترین ركابەرییە لە مێژووی تێنسی سەرزەویدا.
دووپاتی كردەوە ئەو دوو یاریزانە ساڵی داهاتوو پاڵێوراو دەبن بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانیەتیی ویمبڵدۆن و ئەوەش كارێكی نایابە.
بیكەر گوتی یارییەكانی تێنس لە ئۆڵۆمپیادی لەندەنی 2012 كە لەسەر یاریگاكانی ویمبڵدۆن ئەنجام دەدرێ، هەلی تەمەنە بۆ ئەو دوو یاریزانە.
بیكەری تەمەن 44 ساڵ گوتی خەونی هەموو یاریزانێكە نازناوی ویمبڵدۆن بباتەوە و دواتر میدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیاد لەسەر هەمان یاریگە بەدەست بێنێت، فێدرێر و نادال دەتوانن ئەوە بكەن.
هەروەها گوتی هەلێكی دەگمەنی مێژووییە بتوانی لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا دوو نازناو لەسەر یەك یاریگا ببەیتەوە.
بیكەر بچووكترین یاریزانە نازناوی ویمبڵدۆن بباتەوە و ئەوەی لە ساڵی 1985 و لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا بەدەست هێنا.
بیكەر گوتی ركابەریی من لەگەڵ هیچ یاریزانێكی تێنسدا ناگاتە ئاستی ركابەریی نێوان نادال و فێدرێر.
گوتی ئەوە گەورەترین ركابەرییە لە مێژووی تێنسی سەرزەویدا لە نێوان دوو یاریزان.
Top