گالیانی خەون بە میسی و چاڤییەوە دەبینێت
گالیانی گوتی ئەگەر بەرشەلۆنە بڕیاری فرۆشتنی ئەو دوو یاریزانە بدات دەستبەجێ دەكەومە هەوڵی كڕینیان و رێگەش نادەم كەس لە كڕینیاندا بەسەرمدا سەركەوتوو بێت.
هەفتەی رابردوو ئەو دوو یاریزانە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا پێشەوایەتی یانەی بەرشەلۆنەیان كرد بۆ بردنەوە لە یانەكەی گالیانی بە ئەنجامی 3-2.
جێگری سەرۆكی میلان گوتی ئەگەر هەلی گرێبەستكردنم لەگەڵ یاریزانێكی بەرشەلۆنەدا بۆ هەڵبكەوێت، ئەوا بێگومان ئەو یاریزانە میسی دەبێت و ئەگەر یاریزانێكی تریش هەبێت بۆ فرۆشتن ئەوە دەخوازم چاڤی بێت و دەیبەمە ریزەكانی میلانەوە.
هەروەها گوتی ئەو دوو یاریزانە خەونی هەموو یانەیەكی ئەوروپان، بەڵام ئەگەر ركابەریی لەسەر كڕینیان دروست ببێت، هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی بیانبەمە یاریگای سانسیرۆ.