زاخۆ.. جامی سوپەری باسـكـەی كــوردستانی بردەوە

زاخۆ.. جامی سوپەری باسـكـەی كــوردستانی بردەوە
ئا:كارزان كانەبی

لە شاری هەولێر لە هۆڵی یانەی ئەكاد بە ئامادەبوونی چەندین بەرپەرسی وەرزشی و هاندەرێكی زۆری وەرزش دۆستی ئارەزوومەندی ئەم یارییە، لە هۆڵی یانەی ئەكاد بۆیەكەمجار یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان، هەڵسا بە ئەنجامدانی یاری سوپەری باسكەی كوردستان، لەنێوان هەردوو یانەی خاوەن پلەكانی یەكەم ودووەمی خولی نایابی كوردستان لە وەرزی رابردوو دا، لەم یاریەشدا یاریزانانی هەردوو یانەكە ئاستێكی یەكجار بەرزی یاری تۆپی باسكەیان پێشكەشی ئامادەبووان كرد. بە درێژایی یارییەكەش یاریزانانی هەردوو لا لە ئاست و ئەنجام وەكو یەك بوون. سەرەنجامیش دووجار بەهۆی یەكسانی ژمارەی خالەكانیان پەنا برایە بەر 5خولەكی زیادكراو لە ئەنجامی كۆتایشدا یاریزانانی یانەی زاخۆ توانیان هەلەكان بقۆزنەوە و، یارییەكەش لەبەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێبهێنن، بە ئەنجامی (86-81)خاڵ یارییەكەیان بردەوە بۆ یەكەمجار لەمێژووی یانەكە بوونە پاڵەوانی جامی سوپەری كوردستان.
لە بارەی ئەم یارییە كە بۆ یەكمجارە لە یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان ئەم ئەنجام دەدرێت، عەبدولعەزیز جەوهەر ئەندامی یەكێتی ناوەندی تۆپی باسكەی كوردستان بۆفایلی وەرزشی گوڵان دوا و گوتی «ئێمە وەكو یەكێتی ناوەندی باسكەی كوردستان بەپێی بەرنامەی ساڵانەی خۆمان بڕیارمانداوە هەموو ساڵێك پێش دەستپێكردنی وەرزی نوێی خولی باسكەی یانەكانی كوردستان یارییەك ئەنجام بدەین، كە بەیاری سوپەری كوردستان ناودەبرێت بۆهەردوو یانەكە، كە خاوەنی پلەكانی یەكەم ودووەم بوونە لە ساڵی ڕابردوودا، بە یاری دەست پێكی خولی نوێ دادەنرێت، ئامانجمان لەم یارییە دەست پێكردنی رێوڕەسمی خولەكەیە، هەروەك دەزانن ئەمساڵیش هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆك بەهێزترین یانەكانی كوردستان بوونە لە وەرزی رابردوودا، ئێمەش ئامادەكاری تەواومان ئەنجامدابوو بۆ ئەم یارییە، لەم یارییەش یاریزانانی هەردوو یانە بەدرێژایی یارییەكە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد كە بووە مایەی دڵخۆشی بۆئێمە كە ساڵ بە ساڵ خولەكەمان بەهێزی بەخۆیەوە دەبینێ.
ماجد نعمە ڕاهێنەری یانەی زاخۆ لە بارەی یارییەكە بۆگۆڤاری گوڵان گوتی «بەڕاستی ئەم یارییە یەكەمجارە لە خولی كوردستان دەكرێت كە جامی سوپەرە، یاریزانانی ئێمە هەمووی كوردن و خەڵكی دهۆك وز اخۆن و ئێمەش بۆئەم یارییە ئامادەكاری باشمان كردبوو دەستەی كارگێڕی یانەی زاخۆ هاوكاری تەواومان دەكات، بۆئەوەی ئەنجامی بەرچاو پێشكەش بكەین و ئەنجاممان هەبێت لە خولی كوردستان،لە یاری سوپەریش یارییەكی بەهێزمان ئەنجامدا بە پاڵپشتی یاریزانە لاوەكانمان توانیمان ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەین، هەر لە سەرەتایی یارییەكە ئێمە بە ناوی سەركەوتن بۆئەم یارییە هاتبووین و یانەی دهۆكیش یانەیەكی بەهێزە، خاوەن كۆمەڵێك یاریزانی ئاست بەرزە ئاستی ئەوانیش لە ئێمەنزیك بوو،بەڵام یاریزانانی ئێمە بە شێوەیەكی باش هەڵس و كەوتێكی باشیان لەگەڵ ئەم یارییە كردو توانیمان بۆ یەكەمجار ببینە پاڵەوانی جامی سوپەری كوردستان.
حەمزەعوبێد ڕاهێنەری یانەی دهۆك لەم بارەیەوە گوتی «ئاستی ئەم یارییە زۆر بەرز بوو،یانەی دهۆك یەكێكە لە یانە بەتواناكان لەسەر ئاستی عێراق، بە یاریزانانی خۆمان بەشداری ئەم یارییەمان كردو توانیمان ئاستێكی بەرز لە یارییەكە پێشكەش بكەین، لە زۆربەی كاتی یارییەكە ئاستمان لێك نزیك بوو، بەڵام دواتر نەمانتوانی ئەنجامەكە بۆخۆمان یەك لایی بكەینەوە، هەرچەندە ئاستی یاریزانەكانیشمان زۆر باشە و جێگای دڵخۆشییە سوپاسی یاریزانان و دەستەی كارگێڕی دەكەم كە هەموومان هاوكاری یەكترین.
جگەر خوێن عەلی یاریزانی زاخۆ گوتی «لەم یارییەدا ئاستێكی بەرزمان پێشكەش كردو یانەی دهۆكیش یانەیەكی بەهێزە وەكو ئێمە تەواوی یاریزانەكانی گەنجن، یارییەكەش بەگشتی ئاستێكی بەرزی هەبوو، بەمانای بەهێزی ناوەكەی لە خۆی بوو، كە جامی سوپەر بوو، توانیمان بەهیممەتی یاریزانان و ڕاهێنەران ئەم جامە ببەینەوە هەوڵ بۆ ئەنجامی باشتریش دەدەین. جێگای ئاماژە پێكردنە یاریزانانی یانەی زاخۆ لەلایەن بەرپرسانی شاری زاخۆ و هاندەرانەوە پێشوازی گەرمیان لێ كرا.
Top