شەشەم پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی بۆ پایسكلسواری لە ئیمارات تەواو بوو
رۆژی یەكشەممە لە شاری راس ئەلخێمە بەفەرمی كۆتایی بە شەشەم پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی هات بۆ پایسكلسواری بە بەرێوەچوونی پێشبركی تاكی گشتی، كە ماوەكەی (140)كم بوو بە (14) سورانەوە تەواو بوو لەم پێشبركێە (66) یاریزان بەشداری تییایدا كرد نوێنەرایەتی (13) یانەیان دەكرد.
لەم پێشبركێە یانەی هەولێر بەشەش یاریزان بەشداری كرد ئەویش هەریەكە لە یاریزانان ( سلێمان سامی، جۆڤان تۆمی، ماسیمۆ فەریق، ئامانج شێرزاد، رێباز مەزفەر، عەبدوڵڵا خدر)، كە تیاییدا یاریزانی یانەی هەولێر عەبدوڵڵا خدر لە كۆی (66) یاریزان توانی پلەی (10)یەمی بە دەستهێنا ئەمەش ئەنجامێكی باشە و هەروەها یاریزان جۆڤان تۆمی لە پلەی (30)یەم هات دوای ئەوەی یاریزانان لە پلەی (22)یەم تا پلەی (37) لە یەك كات گەیشتنە هێڵی كۆتایی و هەریەكە لە یاریزانان (ماسیمۆ فەریق) لە پلەی 40یەم و ئامانج شێرزاد لە پلەی 41 و سلێمانی سامی لە پلەی 42یەم هاتن و یاریزان رێباز موزفەر لە پلەی 47یەم هات.
لەم پێشبركێە یاریزانی یانەی موحافەزەی سوری (نەزیر ئەلجاسر) لە پلەی یەكەم هات و یاریزانی یانەی فەتحی سعودی (ناسر ئەحمەد) لە پلەی دووەم هات و یاریزانی یانەی دوحەی قەتەری (خالید بەسام) لە پلەی سێیەم هات.
دوای تەواوبوونی پێشبركێەكە ئەنجامی تیپ لە ئەنجامی تاكی گشتی دەرچوو، كە تیاییدا یانەی (موحافەزە سوری) پلەی یەكەمی بە دەستهێنا و یانەی (فەتح)ی سعودی لە پلەی دووەم هات و یانەی (تەڵائع جەیش) پلەی سێیەمی بە دەستهێنا.
جێگەی باسە لە كاتی بەرێوەچوونی پێشبركێكە لە سوورانەوەی 7 شەر و پێكدادانێكی گەورە لە نێوان یاریزانانی یانەی تەڵائع جەیش و ئەهلی ئیماراتی و فەتح سعودی و تیپێكی تر، بەڵام لێژنەی ناوبژیوانانی ئەم پاڵەوانێتیە هیچ سزایەكی ئەم یانانەی نەدا، بە پێی یاسایی پایسكلسواری دەبێت سزایەكی توند بدرێت، كە دەگاتە دوورخستنەوە لە ئەنجامی كۆتایی پێشبركێكە.
دەربارەی ئەنجامی یاریزانانی یانەی هەولێر مەحمود عەزیز سەرۆك شاند گوتی: ئەنجامەكە تا رادەیەك باشە، چونكە یاریزانەكانمان زۆبەیان لاوان و سودێكی زۆریان لەم پاڵەوانێتیە وەرگرتووە و پاڵەوانێتیەكە زۆر بەهێز بوو و زۆربەی یانەكان بە هەڵبژاردەی یەكەم بەشدارییان تیاییدا كردبووە وەكو خۆئامادەكردنێك بۆ یارییەكانی پاڵەوانێتی عەرەبی، كە لە وڵاتی قەتەر بەرێوە دەچێت.
ئەنجامی تیپ لە تاكی گشتی بەمشێوەیە بوو.
1- موحافەزە سوری
2- فەتح سعودی
3- تەڵائع جەیش میسر
4- دوحە قەتەر
5- بەنی جەمرە بەحرێن
6- ئیمارات ئیمارات
7- ئەهلی ئیمارات
8- سەناعە عێراق
9- نەسر ئیمارات
10- هەولێر
11- ئەبها سعودیە
12- كازمە كوەێت
13- ئەمن ئەلوەتنی میسر