پێنجشەممە بەفەرمی ركابەری شەشەم پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب بۆ پایسكلسواری دەستپێدەكات
وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر نۆ-ی بەیانی لە شاری راس ئەلخێمە بەفەرمی ركابەری پێشبركی شەشەم پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب بۆ پایسكلسواری دەست پێبكات بە بەشداری كردنی 13 یانەی عەرەبی، كە لە نێوانیاندا یانەی هەولێر، كە نوێنەرایەتی عێراق دەكات.
چوارشەممە بەفەرمی پاڵەوانێتیەكە كرایەوە
رۆژی چوارشەممە لە هۆڵی داخراوی یانەی ئیمارات لە شاری راس ئەلخێمە ئاهەنگی كردنەوەی شەشەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی بۆ پایسكلسواری ئەنجام درا، لەم ئاهەنگە محەمەد بن سعود ئەلقاسمی وەلی عەهدی ئیمارەی راس ئەلخێمە و شێخ فیصل بن حەمیدئەلقاسمی سەرۆكی یەكێتی عەرەبی و ئیماراتی بۆ پایسكلسواری و گشت یانە بەشداربووەكان و دەزگا راگەیاندنەكان و ژمارەیەكی بەرچاوی جەماوەری وەرزشی ئامادە بوون، كە تیاییدا وەلی عەهدی راس ئەلخێمە بەفەرمی كردنەوەی شەشەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی راگەیاند دواتر بچكەشێرانی یانەی ئیمارات بۆ پایسكلسواری چەندین نمایشی قەشەنگی وەرزشیان پێشكەش كرد و یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری راس ئەلخێمە چەند نمایشێكیان پێشكەش كرد، كە بووە جێگەی دەستخۆشی ئامادەبووان دواتر ناوی تیپە بەشداربووەكان نمایش كرا و بە مارشی سەربازی كۆتایی بە ئاهەنگی كردنەوەی پاڵەوانێتیەكە هات.
كۆنگرەی هونەری ئەنجامدرا
دوای تەواوبوونی ئاهەنگی كردنەوە كۆنگرەی هونەری پاڵەوانێتیەكە لە یانەی ئیمارات بەرێوەچوو، بە ئامادەبوونی سەرجەم یانەكان لەم كۆبوونەوەیە بە تێروتەسلی باس چۆنیەتی بەرێوەچوونی پاڵەوانێتیەكە كرا، كە تیاییدا رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر 9ی بەیانی پێشبركی (تیپ دژی كات) بەرێوە دەچێت لەم پێشبركێە تەنیا 11 یانە بەشداری دەكات، بەهۆی بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتی رابردوو هەریەكە لە یانەكانی هەولێر و تەلائع جەیشی میسری و محافەزی سوری ناویان لە تیروپشكەكە نەبوو راستەوخۆ ریزبەندیان كردن و تیروپشك بۆ هەشت یانە كرا، ئەمەش سودێكی زۆری بۆ هەر سێ یانە هەبوو بە تایبەتی یانەی هەولێر، دوای تیروپشك بۆ ( تاك دژی كات ) كرا، لەم پێشبركێە 13 یانە بەشداری تیاییدا دەكات و رۆژی هەینی بەرێوە دەچێت، لەم كۆنگرەیە چەندین جار كێشە لە نێوان نوێنەری هەندێك لە تیپە بەشداربووەكان و لێژنەی سەرپەرشتیار روویدا، بەڵام لە كۆتایی گشت كێشەكان چارەسەر كرا.
ناوبژیوانێكی كورد بەشداری بەرێوەبەردنی ئەم پاڵەوانێتیە دەكات
دوای تەواوبوونی كۆنگرەی هونەری كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ ناوبژیوانەكان ئەنجامدرا، كە تیاییدا میسرێك سەرپەرشتیاری لێژنەی ناوبژیوانان دەكات بە یاوەری ناوبژیوانێكی تونسی، لەم كۆبوونەوەی ناوبژیوانی شاری هەولێر یاسین تاهیر مەعروف وەكو ناوبژیوانێكی كورد بەشداری لەم كۆبوونەوەیە كرد، لەم كۆبوونەوەیە بە وردی باس لە گرنكترین گۆرانكارییەكانی یاسایی پایسكلسواری كرا دواتر ئەرك بەسەر گشت ناوبژیوانەكان دابەش كرا.
جێگەی باسە یاسین تاهیر مەعروف ناوبژیوانی پلە یەكی عێراقە لە پایسكلسواری.
یانەی هەولێر هەرەشەی كشانەوە دەكات بەهۆی ئاڵا
لە كاتی بەرێوەچوونی ئاهەنگی كردنەوەی پاڵەوانێتیەكە و كۆبوونەوەی هونەری شاندی هەولێر تووشی شووك بوون بەهۆی بەكارهێنانی ئاڵای كۆنی بەعس (سێ ئەستێرە) وەكو ئاڵای فەرەمی عێراق هەرچەندە ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە ئەم ئاڵایە گۆراوە، كەچی لە بەرانبەردا ئاڵا تازەكەی لیبا لەم پێشبركێە بەكار هات، كەچی ماوەی چەند مانگێكە گۆراوە، ئەمەش نارەزاییەكی زۆری لە لایەن شاندی یانەی هەولێر كرد، بۆیە بەفەرمی سەرۆك شاندی هەولێر مەحمود عەزیز بەفەرمی سكاڵایەكی پێشكەشی لێژنەی سەرپەرشتیاریی پاڵەوانێتیەكە كرد و تەئكیدی لەوە كردووە، ئەگەر هاتوو لە رۆژی یەكەمی پێشبركێكە ئاڵا نوێیەكی عێراق بەكار نەهێندرێت ئەوە بەفەرمی كشانەوەی خۆی رادەگەێنێت و ئامادە نییە لە ژێر ئاڵای كۆنی بەعس بەشداری لەم پاڵەوانێتیە بكات، بەڵام خۆشبەختانە لێژنەی سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیەكە پەیمانی گۆرینی ئاڵاكەی دا، ئەم هەنگاوی یانەی هەولێر بووە جێگەی دەستخۆشی سەرۆكی یەكێتی پایسكلسواری عێراق و لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق.
هەولێر بە چوار یاریزان بەشداری لەم پێشبركی پێنجشەممە دەكات
رۆژی پێنجشەممە پێشبركی (تیپ دژی كات) بەرێوە دەچێت بە پێی سیستەمی ئەم پێشبركێە دەبێت چوار یاریزان بەشداری بكەن، بۆیە هەردوو راهێنەری بە توانا موسی موحسین و عەبدلقادر نورەدین لە كۆی شەش یاریزان بڕیاریان دا هەر چوار یاریزان (ئامانج شێرزاد، عەبدوڵڵا عەبدولخەزیەر، جۆڤان تۆمی، سلێمان سامی) دەستنیشان بكەن بۆ ئەم پێشبركێە، بەڵام رەنگە لە دوا ساتەكان گۆرانكاری لە لیستی یاریزانەكان بكرێت، چونكە یاریزان سلێمان سامی تازە لە پێكان گەرایتەوە بۆیە بڕیاری كۆتایی بۆ راهێنەران دەگرێتەوە ئەگەر ئەم یاریزانە نەیتوانی بەشداری بكات ئەوە یاریزان (رێباز موزفەر) لە شوێنی ئەو یاری دەكات.
جێگەی باسە ماوەی ئەم پێشبركێە (58) كیلومەتر و (400) مەترە بە چوار سورانەوە تەواو دەبێت، هەر سورانەوەیەك (19) كیلومەتر و (800) مەترە.
یانەی هەولێر دواین مەشقی خۆی ئەنجامدا
رۆژی چوارشەممە كاتژمێر 9ی بەیانی یانەی هەولێر دواین مەشقی خۆی ئەنجامدا لە رێگەی سەرەكی بەرێوەچوونی پاڵەوانێتیەكە، ئەم مەشقە ماوەی یەك كاتژمێر و چل و پێنج خولەكی خایاند، كە تیاییدا هەردوو راهێنەر موسی موحسین و عەبدولقادر نورەدین بە شێوەیە یاسایی پێشبركی (تیپ دژی كات) مەشقەكانیان بە یاریزانان دا، دوای تەواوبوونی مەشقەكە راهێنەران ئامادەیی یاریزانەكانی بۆ پێشبركی رۆژی پێنجشەممە راگەیاند و هیوایان خواست، كە یاریزانەكان بتوانن لەم پێشبركێە ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنن.