یاریزانی تۆپی بالەی یانەی برایەتی: بە بەشداریكردنی یاریزانی پیشەگەر ئاستی یاریزانەكانمان پێش دەكەوێت

یاریزانی تۆپی بالەی یانەی برایەتی: بە بەشداریكردنی یاریزانی پیشەگەر ئاستی یاریزانەكانمان پێش دەكەوێت
دەشنێ قاسم لەدایكبووی ساڵی 1992ی شارۆچكەی كۆیە و قوتابی قۆناغی سێیەمی كۆلێژی ئاداب بەشی زمانی عەرەبییە، سەرەتا لەیانەی كۆیە یاری كردووە، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێك ئەم یانەی جێهێشت و ڕووی كردە یانەی برایەتی، ئەم یاریزانە لەیانەی برایەتی باوكی سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی بالەی كچانە و دایكی یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەكەیە و لەگەڵ خۆیدا خۆشكێكی تری لە هەمان تیپ یاری دەكات و مامی ڕاهێنەری تیپەكەیە، واتە ئەم یاریزانە لە خێزانێكی وەرزشوانان گەورە بووە، ئەمەش بووەتە هۆكاری سەرەكی بۆ پێشكەوتنی ئاستی ئەم یاریزانە لە پاڵەوانێتی یانەكانی عێراق لەسەر ئاستی كچان كە لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، ئەم كچە یاریزانە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و بووە جێگەی دەستخۆشی چاودێرانی وەرزشی. بۆیە بەپێویستمان زانی لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەی لەگەڵ سازبدەین.
* چۆن بوو ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
- ئەوەی ڕاستی بێت لە منداڵیەوە حەزم لەیاری تۆپی بالە بوو، بەڵام بوونی دایكم و باوكم بووە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ ئەوەی ڕوو لەم یارییە بكەم و ئاستم پێشبكەوێت.
* تا چەند لە ئاستی خۆت لە پاڵەوانێتی عێراق ڕازی بووی؟
-لەم پاڵەوانێتیە لەئاستی خۆم ڕازیمە و توانیم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم، بەگشتی یانەكەمان لەم پاڵەوانێتیە ئەنجامێكی باشی هەبوو هەرچەندە زۆربەی یاریزانەكان لاو بوون.
* تا چەند یانەی برایەتی پاڵپشتیتان دەكات؟
- یانەی برایەتی پاڵپشتییەكی زۆرمان لێدەكات و هەموو پێداویستیەكانمان بۆ دابین دەكات، هەرچەندە ئێمە دانیشتووی شارۆچكەی كۆیە-ن، بەڵام یانەكەمان لە هەموو ڕوویەكەوە درێغی نەكردووە.
* چۆن دەتوانی لە وەرزش و خوێندن سەركەوتوو بیت؟
- ئەوەی ڕاستی بێت من كاتەكانم لەنێوان وەرزش و خوێندن دابەش كردووە، توانیتم هاوسەنگیەگ لەنێوان هەردووكیان دروست بكەم، لەخوێندن نمرەكانم لە گشت وانەكان بەرزە و لە وەرزشیش ئاستم بەرزە.
* كێ پاڵپشتیت دەكات؟
- دایكم و باوكم هەردەم پشتگیریم دەكەن و هەموو شتێكم بۆ دابین دەكەن و هەر كێشەكم هەبێت بۆم چارەسەر دەكەن، ئەمە پاڵپشتیەكی بەهێزە بۆ من و هەروەها خێزانەكەم و خاڵەكانم و مامەكانم هەمووی وەرزشوانن كە ئەمەش بووەتە هۆكاری سەرەكی بۆ پێشكەوتنی ئاستم.
* سەرسامی ئاستی چ یاریزانێكی؟
- لەجیهان سەرسامی ئاستی یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل شیلە-م و لە ئاستی كوردستان و عێراق سەرسامی ئاستی یاریزانی یانەی ئەكاد دالیدا-م، بۆیە یاریزانەكانی یانەكەمان هەندێك جار بە دالیدا بانگهێشتم دەكەن.
* ئایا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراوی؟
- بەڵێ، چەندین جار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراوم و هەروەها گرێبەستێكم لە وڵاتی میسر بۆ هات بۆ ئەوەی لە خولی ئەم وڵاتە یاری بكەم، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێك گرێبەستەكم ڕەتكردەوە.
* كێشە و گرفتان چییە؟
- كێشەی سەرەكی ئێمە نەبوونی هۆڵە، چونكە لە كۆیە بەكرێ گرتنی هۆڵ زۆر زەحمەتە و هەندێك جار هۆڵەكان بەكرێ نادەن، ئەگەر هۆڵێكی تایبەت بە خۆمان هەبێت ئەوە ئاستمان زیاتر پێشدەكەوێت.
* چۆن دەڕوانیە ئاستی تۆپی بالەی كچان لە كوردستان؟
- ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان پێشكەوتوو نییە، بۆیە دەبێت زیاتر بایەخ بە یاریزانەكان بدرێت و هەموو پێداویستیەكیان بۆ دابین بكەن بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان پێشبكەوێت، بە گشتی هۆكاری دابەزینی ئاستی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان بۆ ڕێگری كردنی دایك و باوكەكانە لەوەی كە كچەكانیان بێنە نێو وەرزش، هەروەها دابونەریتی كۆمەڵایتی ئەمەش یەكێكە لە كێشەكان.
* تا چەند سوودتان لە بەشداریكردنی یاریزانە پیشەگەرەكان لە خولی عێراق كرد؟
- ئەوەی ڕاستی بێت ئاستی یاریزانە پیشەگەرەكان لەم پاڵەوانێتیە زۆر بەرز بوو، بەتایبەتی یاریزانە ئێرانیەكانی یانەكەمان، ئێمە زۆر سوودمان لێوەرگرتن لەڕووی یاری كردن و مەشقەكان و زۆر شتیان لێ فێربووین، هیوادارام لە گشت پاڵەوانێتیەكان یاریزانی پیشەگەر بەشداری بكات بۆ ئەوەی ئاستی پاڵەوانێتیەكان پێش بكەوێت.
* دوا وتەت چییە؟
- زۆر سوپاستان دەكەم و هیوادارام ئاستی وەرزش لە كوردستان زیاتر پێش بكەوێت و بایەخی زیاتر بە وەرزشی ئافرەتان بدرێت.





Top