یانەی گـارە هەوڵی چی دەدات؟
شێروان بەشار سكرتێری یانەی گارە لەبارەی ئاستی ئێستای یانەكەیان و ئەوە كێشانەی كە هەیانە بۆفایلی وەرزشی گوڵان وتی «ئێمە ئەمساڵ ئاستی تیپەكەمان و یاریزانانی تیپی تۆپی پێمان لەئاستێكی بەرزدان، ئیدارەی یانەكەشمان گرنگیەكی زۆر بەتیپی تۆپی پێ دەدەن بۆئەوەی ئەمساڵ هەر چۆنێك بێت بۆ ریزی یانە پلە نایابەكان سەركەوین، لەلایەن یەكێـتی لاوانەوە پشتگیریەكی باشمان دەكرێ، بەڵام كێشەی ئێمە ئەوەیە كە بودجەی یانەكەمان كەمە تەنیا شەش ملیۆن دینارە و بەشی یارییەكانی باسكە و بالەو شەترەنج و كۆنفۆ و تایكواندۆ و یارییەكانی تۆپی پێ ناكات، چونكە یارییەكان پارەی زۆری دەوێت، ئێمەش لەئێستادا لەسەرەتای خولەكەداین و دمانەوێ درێژە بە باشی ئەنجامەكانمان بدەین و یەكێـتی تۆپی پێ گرنگی باش بەیانەكان دەدات و پارەی یارییەكانیان بۆسەرف دەكات. ئەوە بۆسێیەم ساڵە لەسەر یەك هەمان ئەو یاریزانانە یاری دەكەن كە لەیانەكەی خۆمان بووینە و گرنگی بە یاریزانانی شاری دهۆك دەدەین، بۆ ئەم وەرزەش تەنیا دوو یاریزانمان لەشاری موسڵ بۆ ریزی یانەكەمان هێناوە، یاریگایەكی ڕێكوپێكمان هەیە و پارێزگاری دهۆكیش هەمیشە هاوكاریمان دەكات، ئێمە بەنیازین بەشداری خولی پلە یەكی عێراقیش بكەین، بۆیە لەئێستادا تەنیا پێویستیمان بە بەختە بۆئەوەی یاوەرمان بێت بگەینە ڕیزی یانە پلە نایابەكانی كوردستان دوای سێ ساڵ لە چاوەڕوانی.
خالید موسا ڕاهێنەری یانەی گارە لەبارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ وەرزی ئەمساڵ وتی «خولی پلە یەكەكانی كوردستان ساڵانە خولێكی بەهێزەو ژمارەی یانەكانیشی زۆرە، بۆیە خولەكە بەهێزی بەخۆیەوە دەبینێ، ئێمە ئەمساڵ لەم خولە بەشێوەیەكی باش خۆمان ئامادەكردووە، تیپەكەشمان لەگشت ڕوویەك ئامادەكراوە بۆئەوەی ئەمساڵ بەهەر نرخێ بێت بتوانین شان بەشانی یانەكانی دیكە بگەینە خولی پلە نایابی كوردستان، هەرچەندە گەیشتن بەخولی پلە نایاب كارێكی زۆر ئەستەمە، چونكە 18یانە بۆئەم خولە زۆرەو یەك قۆناغیشە، ئەگەر دوو قۆناغ بوایە باشتر دەبوو تیپەكان زیاتر چانسی سەركەوتنیان دەبوو». وتیشی «هەرچەندە ئێمە ئەمساڵ هیچ كێشەیەكمان نییە و پشتمان بەیاریزانانی شاری دهۆك بەستووە، بەڵام بەهیوای ئەوەشین بتوانین ئەم قۆناغە هەستیارە ببڕین و بگەینە یارییەكانی كۆتایی و بتوانین دووبارە خۆمان لە پلەنایاب ببینینەوە، هیوای زۆرمان بەیاریزانان هەیە كە بتوانین لەم وەرزە بگەینە ئامانجی چەند ساڵەمان و لەئێستاشدا هەرچەندە سەرەتای خولەكەیە، بەڵام دەبێت بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ یارییەكان بكەین بۆئەوەی هیچ خاڵێك بەفیرۆ نەدەین».
ئاراز سلێمان كاپتنی یانەی گارە لەبارەی ئاستی یانەكەیان بۆ ئەمساڵ وتی «خولی پلەیەكی كوردستان ساڵ بەساڵ بەهێزی زۆر بەخۆیەوە دەبینێ، چونكە یانەكان هەموویان بەهێزن و ڕكابەری یەكتریشن بۆ ئەوەی هیچ خاڵێك لەكیس نەدەن، ئێمەش ئەمساڵ بەشێوەیەكی تۆكمە و باش خۆمان ئامادە كردووە، تاكو ئێستاش هیچ كیشەو گرفتێكمان لە ریزی یانەكە نییە و ئیدارەی یانەی گارەش بەتەواوی هاوكاری ئێمە بووینە لەیانەكە، لەهەموو كاتێك پشت و پەنامان بوونە، بۆیە ئێمە لەم وەرزە دەمانەوێ بەهەر جۆرێك بێت یاریزانەكان بەیەك دەست بتوانین ئامانجی سێ ساڵەی یاری كردنمان لەخولی پلەیەك بەسەر بخەینەوەو خۆمان لەریزی پلە یەكەكان دووركەینەوە بچینەوە ڕیزی یانە بەهێزەكان و یاریزانەكانیشمان زۆربەی زۆری خەڵكی شاری دهۆكن و بڕبڕەی پشتی یانەكەن، بەپشتیوانی خوای گەورە و یاریزانان و دەستەی كارگێڕی یانەكە دەتوانین بگەینە ڕیزی پلە نایابەكانی كوردستان، زۆرجار لەخولی پلەیەك یەك خاڵ لەدەست بدەی بێ بەش دەبیت لەسەركەوتن بۆقۆناغێكی تازە، بەبۆچوونی منیش ئەگەر خولی پلەیەكی كوردستان دوو قۆناغ بوایە یانەكان باشتر خۆیان ماندو دەكردو چانسی سەركەوتنیان زیاتر دەبوو، لەئێستاشدا بەهۆی ئەوەی لەسەرەتای خولەكەین پێشبینی هەندێك قوڕسە، بەڵام ئێمە بەهیوای ئەوەین بتوانین بگەینە ئامانجی خۆمان و ئیدارەو ڕاهێنەریش هەوڵی جددی دەدەن لەم بارەیەوە، بۆیە سەركەوتنمان دەبێتە هۆكارێكی باش لەیارییەكانی داهاتووی یانەكەمان».