سەبریە ڕەحمان: كەمی بودجە ڕێگرە لەپێشكەوتنی كارەكانمان
* بەشێوەیەكی گشتی ئاستی ئەم یارییە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
-ئەم یارییە بەشێوەیەكی گشتی گرنگی پێ دراوە، بەڵام بەم شێوەیەش نییە كە زۆر پێشكەوتووبێت، بەڵام لەشاری سلێمانی گرنگیەكی ئەوتۆی پێ نەدراوە، لەم چەند ساڵەی دوایی وا خەریكە یارییەكە لەم شارە خۆشەویستە زیندوو دەبێتەوە.
* بەبۆچوونی جەنابت چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئەم یارییە پێشڤەچوونێكی باش بەخۆیەوە ببینێ؟
- پێویستە گرنگی بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بدرێت و یاریگای زیاتر بكرێتەوە، چونكە ئێستا لەهەر شارێك یەك یاریگا هەیە لەهەندێك شاریش هەر یاریگا نییە، ئەمەش ڕێگر دەبێت لەپێشكەوتنی ئەو یارییە لەشارەكانی كوردستان.
* كێشەو گرفتی ئێوە وەكو یانەی ئافرۆدێت لەسلێمانی كە تاكە یانەی ئافرەتانن لەم شارە چییە؟
-كەمی بودجە كە ڕێگری دەكات لەپێشكەوتنی كارەكانمان و ناهێڵێت تیپەكانمان بەشێوەیەكی باش بۆ پاڵەوانێتیەكان ئامادەكەین.
* كێ هاوكاری یانەی ئافردۆێـت دەكات؟
- یانەكەمان خۆی بودجە بۆخۆی دابین دەكات، لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستانیش هاوكاریمان دەكەن.
* وەكو ئافرەتێك هۆكاری كەمی ڕێژەی ئافرەت لەیارییە جۆراوجۆرەكان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
-لەشاری سلێمانی بەهۆی نەبوونی یاریگا و كەمی یاریگا ئافرەت كەمتر بەشداری لەوەرزش دەكات، ئەگەر یاریگا و هۆڵی داخراو هەبێت، ڕێژەی ئافرەتی وەرزشكارمان زۆر دەبێت.
* بۆچی تاكوئێستا هەوڵتان نەداوە یاریگایەكی تایبەت بەخۆتان دروست بكەن؟
-نەبوونی یاریگا بۆیانەكەمان دەگەڕێتەوە بۆحكومەتی هەرێمی كوردستان كە تاكوئێستا یاریگایەكی بۆمان دابین نەكردوە وەكو تاكە یانەی ئافرەتان لەسلێمانی. كارمان بۆكراوە لەڕابردوو، بەڵام وەكو پێویست نەبووە.
* بەرنامەتان چییە بۆكچانی شاری سلێمانی كە لەداهاتوو ئەنجامی بدەن؟
-یانەی ئافرۆدێت لەگەشەی بەردەوامە و ڕۆژ بەرۆژ ژمارەی یاریزانەكانمان لەزیادبووندایە، حەزدەكەین یانەكانی دیكەی تیپە جۆراوجۆرەكان لەئاستی كچان درووست بكەن، ئێمەش بەرنامەی خۆمان هەیە بۆئەوەی ئاستی وەرزشی لەیانەی ئافرۆدێت بەرزبێتەوە.
* چۆن دەڕوانیتە ئاییندەی وەرزش لە كوردستان؟
-لەئێستادا ئاستی وەرزش لە كوردستان لەهەموو یارییە جۆراوجۆرەكان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەهیوای ئەوەشم بگەینە لوتكەی وەرزشی عێراق و ئاسیا، بەهیوای ئەوەشم لایەنی پێوەندیدار زیاتر گرنگی بەیارییە تاكەكانیش بدەن.
* پەیامت بۆ یانەكان بۆئەوەی زیاتر كچان بهێننە نێو یارییەكان؟
-بەهیوای ئەوەین ئەوانیش وەكو ئێمە گرنگی باش بەتیپی كچان بدەن، ئەوانیش خزمەتی بواری وەرزشی كچان بكەن، چونكە لەئێستا ڕێژەیەكی زۆری ئافرەتی وەرزشوان لەشارەكانی كوردستان دەركەوتوونە.
* ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم، كە بەردەوام پشتگیری وەرزشوانان دەكات، بەهیوای سەركەوتنی ئەم گۆڤارە ئازیزەم.