تیپی پایسكلسواری هەولێر گەیشتە ئیمارات

تیپی پایسكلسواری هەولێر گەیشتە ئیمارات
رێبین رەمزی – ئیمارات
رۆژی سێشەممە شاندی یانەی هەولێر بۆ پایسكلسواری لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بەرەو وڵاتی ئیمارات بەرێكەوت و كاتژمێر (11)ی نیوەرۆ بە كاتی كوردستان گەیشتە فرۆكەخانەی دوبەی بە مەبەستی بەشداریكردن لە شەشەم پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب بۆ پایسكلسواری، كە لە شاری راس خیمە بە میوانداری یانەی ئیمارات بەرێوە دەچێت، لەگەڵ گەیشتنی شاندەكە پێشوازیكی گەرمی لە لایەن سەرپەرشتیارانی پاڵەوانێتیەكە لێكرا، راستەوخۆ شاندی هەولێر بەرەو شاری راس خێمە بەرێكەوت.
هەولێر یەكەم مەشقی خۆی ئەنجامدا
لەگەڵ گەیشتنی شاندەكە بۆ شاری راس خێمە دوای پشوویەكی كورت راستەوخۆ تیپی پایسكلسواری یانەی هەولێر یەكەم مەشقی خۆیان ئەنجامدا ئەم مەشقە ماوەی دوو كاتژمێر و نێوەی خایاند بە درێژایی 80كم، لەم مەشقە یاریزانان پابەند بوون بە رێنماییەكانی هەردوو راهێنەر عەبدولقادر نوردین و موسی موحسین، وا بڕیارە رۆژی چوارشەممە تیپەكە مەشقێكی بەهێز ئەنجام بدات پێش دەستپێكردنی پاڵەوانێتیەكە.
12 یانە بەشداری دەكات
لە شەشەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی 12 یانە بەشداری تیاییدا دەكات ئەویش هەریەكە لە یانەكانی ( هەولێر، فەتح (سعودیە)، ئەبها (سعودیە)، ئەمن وەتنی (لیبیا)، موحافەزە (سوریا)، تەلائع جەیش (میسر)، دوحە (قەتەر)، بن جمرە (بەحرێن)، ئیمارات (ئیمارات)، ئەهلی (ئیمارات)، نەسر (ئیمارات)، سەناعە (عێراق)).
چوارشەممە كۆنگرەی هونەرییە
وا بڕیارە رۆژی چوارشەممە كاتژمێر 6ی ئێوارە لە هۆتێلی (سیتی هۆتێڵ) كۆنگرەی هونەری پاڵەوانێتیەكە ئەنجام بدرێت بە ئامادەبوونی گشت نوێنەرانی یانەكان و دەستەی ناوبژیوانان و لێژنەی سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیەكە بە مەبەستی دیاریكردنی كات و ساتی دەستپێكردنی پاڵەوانێتیەكە و رونكردنەوەی رێنماییەكان و رۆژی پێنجشەممە یەكەم رۆژی پاڵەوانێتیەكەیە، ئەم پاڵەوانێتیە ماوەی پێنج رۆژ دەخاینێت.
جێگەی باسە شاندی یانەی هەولێر لە 13 كەس پێكهاتووە (مەحمود عەزیز (سەرۆك شاند)، ستار ئەحمەد (كارگێری)، یاسین تاهیر مەعروف (ناوبژیوانی پلە یەك)، رێبین رەمزی (راگەیاندكار)، موسی موحسین (راهێنەر)، عەبدولقادر نورەدین (راهێنەر)، ئۆرفیوس جەلال (میكانیكی)، یاریزانەكان (ماسیمۆ فەری، جۆڤان تۆمی، سلێمان سامی، ئامانج شێرزاد، رێباز موزفەر، عەبدوڵڵا عەبدولخەزیەر).
Top