نیمار لە ترسی ستایلی پرچی نەچووەتە ریال مەدرید
لویس ئۆلیڤێرای سەرۆكی یانەی سانتۆسی بەرازیلی دوای نوێكردنەوەی گرێبەستی نیماری هێرشبەری بە توانای تەمەن 19 ساڵ، گوتی سەرۆكی ریال مەدرید زۆر سوور بوو لەسەر كڕینی نیمار.
ئۆلیڤێرا لە لێدوانی بۆ رۆژنامە ستادۆ دی ساوپاولۆی بەرازیلیدا گوتی شێوازی دانووستانی سەرۆكی ریال مەدرید لەخۆبایی و چاوچنۆكانە بوو لە كاتی هەوڵیدا بۆ كڕینی نیمار.
هەروەها گوتی یەك لەو رێگایانەی بۆ رازیكردنی نیمار بە مانەوە لە یانەی سانتۆس بەكاری هێناوە، ئەوەبووە كە هۆشداری داوەتە ئەو یاریزانە بەوەی ئەگەر بچێتە ریال مەدرید لەوانەیە مۆرینۆ بە شێوازی قژی ئەو رازی نەبێت و ناچاری بكات بیگۆڕێت.
سەرۆكی سانتۆس هەروەها رەتی كردەوە هیچ رێكەوتنێكی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا كردبێت بۆ ئەوەی نیمار بچێتە ئەو یانەیە.
یانەی سانتۆش گرێبەستی نیماری تا ساڵی 2014 نوێكردەوە و بەهای مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لە 45 ملیۆن یۆرۆ بۆ 70 ملیۆن یۆرۆ زیاد كرد.