ئیبرا: ویستم بچمە ریال مەدرید، بەرپرسانی بەرشەلۆنە رازی نەبوون

ئیبرا: ویستم بچمە ریال مەدرید، بەرپرسانی بەرشەلۆنە رازی نەبوون
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیجی سوێدی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا ئاشكرای كرد كە ویستویەتی لە یانەی بەرشەلۆنەوە بچێتە یانەی ریال مەدرید بەڵام بەرپرسانی ئەو یانەیە بەو كارە رازی نەبوون، بۆیە بە ناچاری رووی لە میلان كردووە.
زڵاتان لە كتێبەكەیدا دەڵێ دوای هاتنی ڤیا بۆ بەرشەلۆنە زانیم كە دەبێ شتێك بكەم بۆ ئەوەی بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە ناچار بكەم بمفرۆشن و بۆ ئەوەش پەیوەندیم بە یانەی ریال مەدریدەوە كرد و دواتر بەرپرسانی بەرشەلۆنەم ئاگادار كردەوە كە نزیكم لە رێكەوتن لەگەڵ ریال مەدرید بۆ ئەوەی بچمە ریزی ئەو یانەیە.
هێرشبەرەكەی میلان دەڵێ بەرپرسانی بەرشەلۆنە گوتیان كوێت دەوێ هەڵبژێرە تەنیا ریال مەدرید نەبێت لەبەرئەوەی ئێمە رێگە بەو كارە نادەین.
هەروەها دەڵێ هەرگیز لەگەڵ گواردیۆلادا رێك نەبووم، چونكە داواكاریی سەیری هەبوو، لە بیرمە جارێك پێی گوتین نابێ بە ئۆتۆمبێلەكانی خۆمان بێین بۆ مەشق دەبێ بە ئۆتۆمبێلی كۆمپانیا سپۆنسەرەكانی یانەكە بێین، ئەو كات لەخۆم پرسی ئەمە كەی كاری راهێنەرە؟ بۆیە پێوەی پابەند نەبووم.
Top