فێرگسۆن: بەرامبەر مانچستەر ستی ئێمە زۆر ترسنۆك بووین

فێرگسۆن: بەرامبەر مانچستەر ستی ئێمە زۆر ترسنۆك بووین
ئەلێكس فێرگسۆنی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دانی بەوەدانا كە تیپەكەی بەرامبەر یانەی مانچستەر ستی ترسنۆكانە یاری كردووە و گوتی تا 10 رۆژ دوای ئەو دۆڕانە هەموومان بەو دۆڕانە گەورەیە بە ئەنجامی 6-1 خەمبار بووین چونكە ئەو ئەنجامەمان لە ساڵی 1922ەوە بەسەردا نەهاتووە.
هەرچەندە مانچستەر بە 3 بردنەوەی لەسەر یەك لە جامی كارلینگ كەپ بەرامبەر ئەلدشۆرت و خولی ئینگلیزی بەرامبەر ئیڤرتۆن و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر ئۆتیلۆل توانی هەندێك هاوسەنگی بەدەست بێنێتەوە، بەڵام ئەمە ئازاری دۆڕانەكەی لە بیری فێرگسۆن نەبردووەتەوە.
ئەو راهێنەرە لە لێدوانی بۆ كەناڵی سكای سپۆرت گوتی پێشتر گوتم ئەمە خراپترین دۆڕانی منە لە ماوەی 25 ساڵ كاری راهێنەرایەتیم، لە هەموویان گەورەتر و قورستر بوو، هەر كاتێك بیر لەوە دەكەمەوە بە 6-1 دۆڕاوم ئازار دەچێژم، پێم وایە هۆكاری ئەم دۆڕانە بە پلەی یەكەم ترسنۆكی ئێمە بوو.
هەروەها گوتی دوای دەركردنی ئیڤانس دەبوو هێڵەكانی خۆمان رێك بخەینەوە نەك بەو شێوە ترسنۆكییە بیر بكەینەوە و پەنا بەرینە بەر هێرش بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو 3 گۆڵە بكەینەوە كە لێمان كرابوون و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی 3 گۆڵی تریشمان لێ بكەن.
Top