824 خولەكە ڤاڵدێز گۆڵی لێنەكراوە
ڤاڵدێز پێویستی بە 38 خولەك هەبوو لە یاری یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر بلزنی بەلجیكی بۆ ئەوەی بگاتە ژمارەیەكی پێوانەیی لە هێشتنەوەی گۆڵەكەی بەبێ گۆڵ تا ژمارەی پێوانەیی رینای گۆڵچی دێرینی یانەكە بشكێنێ كە لە وەرزی 1972-1973 دا بۆ ماوەی 824 خولەك گۆڵی لێنەكرا.
ڤاڵدێز توانی ئەو ژمارەیە بشكێنێت و لە یارییەكەی دوێنێ شەودا هیچ گۆڵێكی لێنەكرا كە هەشتەم یاری لەسەر یەكە بەبێ ئەوەی گۆڵی لێبكرێت لە یاریگا دەچێتە دەرەوە.
دوا گۆڵ كە لە ڤاڵدێز كراوە بۆ رۆژی 21ی ئەیلوولی رابردوو دەگەڕێتەوە لە یاری نێوان بەرشەلۆنە و ڤالنسیا كاتێك هەردوو یانە 2-2 یەكسان بوون و دوا گۆڵ كە لە ڤاڵدێز كرا لە خولەكی 23ی ئەو یارییەدا بوو.
ئەو یارییانەی كە ڤاڵدێز گۆڵی لێنەكراوە بریتین لە 6 یاری لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید، خیخۆن، راسینگ سانتاندێر، سڤیلیە، گرنادا و مایۆركا و 2 یاری خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر پاتی بۆریسۆڤ و بلزن.