تا ساڵی داهاتوو ڤۆزنیاكی پێشەنگی یاریزانانی تێنسی مسۆگەر كرد
ڤۆزنیاكی كە تا ئێستا هیچ نازناوێكی پاڵەوانیەتییەكانی گراند سلامی بەدەست نەهێناوە، پێشەنگی ریزببەندییەكەی گرت بە 7485 خاڵ، هەرچی كڤیتۆڤایە 7370 خاڵی بەدەست هێنا و پلەی دووەمی ریزبەندییەكەی گرت دوای ئەوەی نازناوی پاڵەوانیەتیی كۆتایی وەرزی لە ئەستەنبوڵ بەدەست هێنا.
ڤیكتۆریا ئەزارینكای بیلارووسی كە یاری كۆتایی هەمان پاڵەوانیەتیی دۆڕاند، بۆ پلەی سێیەم سەركەوت بە 6520 خاڵ، ئەمە لە كاتێكدا ئەو یاریزانە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا لە دەرەوەی لیستی 30 پێشەنگی یاریزانانی تێنسدا بوو.
كڤیتۆڤا گوتی كاتێك وەرزی ئەمساڵ دەستی پێكرد ئامانجێكی دیاریكراوم نەبوو، تەنیا ئەوەندە نەبێت كە ئاستی خۆم بەرەو پێش ببەم، بەڵام ئێستا لە كۆتایی وەرزدا نازناوی ویمبڵدۆن و نازناوی كۆتایی وەرزم بەدەست هێنا و لە ریزبەندی یاریزاناندا لە پلەی دووەمم، ئەمە بەدیهاتنی باشترین خەونی منە.