هۆكاری شكستی یانەی هەولێر

هۆكاری شكستی یانەی هەولێر
تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر ماوەی سێ ساڵە بەشداری لە یارییەكانی جامی ئاسیا دەكات، لە هەرسێ جاريشدا بەشداری لە قۆناغەكانی شانزە و هەشت وچوارگۆشەی زێڕین دوورخراوەتەوە، ئەمساڵیش سەڕەرای ئەوەی توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، چەند قۆناغێكی بەهێزی بڕی، بەڵام بە چەند هەڵەیەكی تاكی تیپەكە لە یاری فیناڵ بێبەش كرا، لەم بارەشەوە بۆهۆكارەكانی شكستی یانەی هەولێر لە نەگەیشتنیان بەفیناڵی یاری كۆتایی چەند بۆچوونێكی جیاجیامان وەرگرتووە و ئەم ڕاپۆرتەمان ئەنجامدا.

غازی حوسێن ناوبژیوانی پێشووی یانەی شاری هەولێر لەم بارەیەوە بۆگولان گوتی «هەر چەندە یانەی هەولێر نەگەیشتە یاری كۆتایی، بەڵام بە بۆچوونی من دەستكەوتی بەدەستهێناوە لەگەیشتنی بە یارییەكانی چوارگۆشەی زێڕین، ئەوەش شتێكی كەم نيیە ئەگەر ئێمە بە وردی سەیری بكەین، یانەی هەولێر بە یانەیەكی بەهێزی ئاسیا ناسراوە ئێمە شتی وامان بە خەیاڵ نەهاتووە لەم بڕوایەش نەبووینە یانەی هەولێر بگاتە ئەو ئاستە، شكستی یانەكەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە كەمتەرخەمی هەبوو لەلایەن ڕاهێنەری گۆڵچیيەكان و گۆلچی یانەی هەولێر محەمەد گاسد بەخۆی لە هەردوو یاری ئاستی وەكو پێویست نەبوو هۆكاری شكستی یانەی هەولێر بووە، بۆچی هەمان گۆڵچی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق باشترین ئاست پێشكەش دەكات، لەگەڵ یانەی هەولێريش ئاستی پێویست نیيە ئەوەش جێگای گومانە ئەو گیانه‌ توندوتیژییه‌ی نەبوو كە جێگای خۆشی بێت بۆ هاندەرانی یانەی هەولێر، دەبێت یانەی هەولێر لەمەو بەدواوە گۆڕانكاری بكات لە یانەكەی گوتیشی ڕاهێنەری یانەی هەولێر هۆكاری شكستی یانەی هەولێرنەبووە .
سەلام حوسێن سكرتێری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەم بارەیەوە بۆگوڵان گوتی «شكست بە مانای شكست نەبوو،گەیشتنی یانەكە بە چوارگۆشەی زێڕین لە جامی یانەكانی ئاسیا ئەوە خۆی دەستكەوتێكی یەكجار مەزن وگەورەیە، بەڵام یانەی هەولێر دەیتوانی بچێتە یاری كۆتایی و مێژووییەكی زێڕین بۆخۆی و بۆ كوردستان تۆمار بكات، نەك بۆكوردستان تەنانەت بۆهەمووكوردستانییەكان، بەڵام هۆكاری بێبەش بوونی لە یاری كۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ محەمەد گاسدی گۆڵچی كە هەر پێنج گۆڵ لە هەردوو یاری لێ تۆماكرا ئەو هۆكاربوو، هۆكاری گرنگ تریش دەگەڕێتەوە بۆعیمادهاشمی ڕاهێنەری گۆڵچییەكانی یانەی هەولێر، یانەی هەولێر گۆڵچی باشی هەیە سەرهەنگ موحسین لە یاری كۆتایی خولی بژاردەی عێراقی ئەستێرەی یارییەكە بوو ئاستێكی بەرزی هەبوو، ئینتما و خۆشەویستی ئەو یاریزانانە بۆهەولێر وكوردستان نییە و تەنیا هاتوونە پارەكە وەرگرن وكاتەكەش بەسەر بەرن، بۆیە لەسەر دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر ستراتیجیەت و هەموو بەرنامەكانی خۆی بگۆڕێ ئەگەر بمانەوێ ئەنجامی جیهانی بەدەست بهێنین پشت بە ڕاهێنەرێكی بیانی ببەستین، بەتایبەتی ڕاهێنەرانی بۆسنی وكرواتی ورۆمانی و ولاتانی روسیای پێشوو، ئەگەر بمانەوێ یاریزانیش بهێنین یاریزانانی دەرەوەی عێراق بهێنین باشترە لە یاریزانی عێراق یاریزانانی عێراقی خۆشەویستی ودڵسۆزیان بۆیانەی هەولێر وكوردستان نییە.
بێجان ئیبراهیم ئەندامی دەستەی كارگێڕی و سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی هەولێرلەم بارەیەوە بۆگوڵان گوتی «ئێمە ئەو ئەنجامە بەشكستی دانانێین، چونكە سێ جار بەشداری جامی ئاسیامان كردوە هەر جارێك بە شێوازێك هاتووینه‌ته‌ پێش ئەمساڵیش گەیشتووینه‌ته‌ قۆناغی پێش كۆتایی، لە رووی ئەنجامەوه‌ ساڵ بەساڵ ئاستمان باشتر بووە، من نەك وەكو ئەندامی دەستەی كارگێڕی بەڵكو وەكو وەرزشوانێكی ئەو شارە پێمخۆش بوو تیپەكەمان بگاتە یاری كۆتایی جامی ئاسیا،بەڵام وەرزش لای هەموو كەس ئاشكرایە دۆڕاندن و بردنەوەیە ئێمە یارییەكەمان لەهەولێر دۆڕاند نەك لەوڵاتی كوێت، هۆكاری سەرەكی شكستی یانەكەشەمان بەپلەی یەك گۆڵچی یانەكە محەمەد گاسد بووە، هەوڵیش دەدەین بۆساڵی داهاتوو ئەنجامێكی شایستەتر پێشكەش بكەین.
ئەرسەلان عەبدوڵڵای رۆژنامەنووس لەم بارەیەوە بۆگوڵان گوتی «پێش هەموو شت سەرەڕای دۆڕانی یانەكە لەو قۆناغە هەستیارە و لە دەستدانی هەلێكی زێڕین بۆ گەیشتن بە یاریی كۆتایی، من گەیشتنی یانەكە بە قۆناغی پێشكۆتایی بە دەستكەوتێكی گرنگ دەزانم و با ئەوە لە بیر نەكەین، ئەو تیپەی ئێمە رەخنەی لێ دەگرین، هەر ئەو تیپەیە كە گەیشتۆتە قۆناغێكی گرنگ.
بە بڕوای من، هەموو لایەك، لە یاریزانان، راهێنەر، ئیدارە و جەماوەریش بەرپرسن لە شكستەكە، بەڵام هۆكارە سەرەكییەكانی شكستەكە لەو دوو یارییەی قۆناغی پێش كۆتایی بەرانبەر یانەی كوێت، بە پلەی یەكەم بۆ گۆڵچی محەمەد گاسد و هێڵی بەرگریی تیپەكە دەگەڕێتەوە، بە تایبەتیش یاریزان ئەوس ئیبراهیم كە هزری پیشەگەرانەی لە یاریكردندا نەبوو، زیرەكانە مامەڵەی لەگەڵ رووداوەكانی یارییەكە نەكرد و یانەی هەولێری خستە بارێكی زەحمەت و چاوەڕێنەكراو.
هەروەها پێم وایە راهێنەریش بەشێكی سەرەكی شكستی یانەكەیە، چونكە ئەو تیپە لە سەرەتای خولەكەوە هەندێ كەموكوڕی هەبوو، بە تایبەتی لە بەرگریدا، هەروەها لە پلانی یاریكردن و بەیەكەوە بەستانی هێڵەكانی تیپەكەی و لە خاوی ریتمی یاریكردن، بەڵام ئۆدیشۆ پێی چارە نەكرا.
پاشان لە یاریی یەكەمی كوێتدا هەست دەكرا یانەی هەولێر زۆر زیاد لە پێویست بڕوای بە خۆی هەیە بۆ بردنەوە، بە هۆی ئەوەی چەند یاریزانێكی كوێت یارییان نەدەكرد بە هۆی سزا و پێكانەوە، ئەمەش هەڵەی راهێنەر و ستافی مەشقە، كە بە شێوەیەكی كاریگەری هۆشداریی یاریزانەكانی نەكردووە كە زیاد لە پێویست بڕوایان بەخۆیان نەبێ، چونكە ئەو جۆرە تێڕوانین و بیركردنەوە لە تۆپی پێدا ترسناكە.
Top