ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانی فرانز بیكنباوەر سەرۆكی شانازی یانەی بایرەن میونیخ ستایشی ئاستی یاریزانی هۆڵەندی ئاریان رۆبنی كرد و دووپاتیكردەوە لە دوای چاكبوونەوەی لە پێكانەكەی یانەی بایرەن میونیخ بۆندی ئەم یاریزانە تازە دەكاتەوە، بیكنباوەر بە رۆژنامەی تی زێدی ئەڵمانی راگەیاند و گوتی: تازەكردنەوەی بۆندی رۆبن لە دوای گەڕانەوەی دەبێت لە پێكانەوە، ئێمە نازانین كەی دەگەڕێتەوە بۆ یاریگاكان، لەسەرەتای وەرزەوە تووشی پێكان هاتووە و نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دراوە، چاوەڕێی گەڕانەوەی دەكەین و دواتر بڕیاری كۆتایی دەدەین.
بیكنباوەر سوور بوو لە سەر بۆچوونەكەی خۆی و گوتی: كاتێك رۆبن ئامادە دەبێت باشترین یاریزانی جیهانە لە شوێنەكەی خۆیدا، كاتێك لە پێكانەكەی چاكدەبێتەوە بۆندەكەی تازە دەكەینەوە، یانەی بایرەن ئێستا ئاستێكی باش پێشكەش دەكات بە بێ رۆبن ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە، بێگومان بە بوونی رۆبن یانەی بایرەن زۆر بەهێزتر دەبێت.