دوو ناوبژیوانی كورد بڕوانامەی نێودەوڵەتییان لە یاری تۆپی بالە وەرگرت

دوو ناوبژیوانی كورد بڕوانامەی نێودەوڵەتییان لە یاری تۆپی بالە وەرگرت
هەفتەی رابردوو لە وڵاتی رۆمانیا خولێكی پاڵاوتن بۆ دەستنیشان كردنی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە یاری تۆپی بالە بەڕێوەچوو، لەم خولە یەكێتی تۆپی بالەی عێراق بە دوو ناوبژیوان بەشداری تیایدا كردبوو و هەردوو ناوبژیوان كورد بوون.
هەریەكە لە ناوبژیوانان موسا سالم و هیشام بەكر بەشدارییان لە خولێكی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی كرد، كە لە وڵاتی رۆمانیا بەڕێوەچوو و ماوەی 12 رۆژی خایاند. لەم خولەدا هەردوو ناوبژیوانی كورد توانیان بە پلەی بەرز سەركەوتن بەدەست بێنن و بەفەرمی ببنە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و لە ماوەی داهاتوو دەتوانن یارییە نێودەوڵەتییەكان لە پاڵەوانێتیەكانی عەرەبی و ئاسیایی و جیهانی بەڕێوە ببەن و هەروەها بەفەرمی دەتوانن خولی ناوبژیوانی بۆ ناوبژیوانانی عێراق بۆ تۆپی بالە بكەنەوە.
جێگەی باسە هیشام بەكر لە دایكبووی شاری هەولێر و دەرچووی كۆلێژی پەرەوەردەی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدینە و لە پەیمانگای وەرزشی هەولێر مامۆستایە و یەكێكە لە ناوبژیوانە باشەكانی كوردستان و عێراق.
Top