مەحمود نورەدین ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پێشوو:ناوبژیوانە گەنجەكان لە بەڕێوەبردنی خولەكاندا سەركەوتوون
مەحمود نورەدین یەكێكە لە ناوبژیوانە هەرە بەتواناكانی كوردستان و عێراق و ئاسیا بووە، ماوەیەكی زۆر خزمەتی وەرزشی كردوە لەسەر ئاستی ئاسیا و عێراق، چەندین یاری نێودەوڵەتی بەڕێوە بردوە وەكو ناوبژیوان، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1963ی شاری كەركووكە، ئێستاش سەرۆكی لێژنەی ناوبژیوانانی كوردستانە، لەنزیكەوە ئەم دیمانەیمان لەگەڵی ئەمجامدا.
*كاتی خۆی بۆچی كاری ناوبژیوانیت هەڵبژارد؟
-من كاتی خۆی یاریزان بووم لە یانەی سەورەی شاری كەركووك، لە تیپە میللییەكان و یانەكانی كەركووك وهەڵبژاردەی كەركووكیش یاریم كردووە، دوایش هاتمە سەر كاری ناوبژیوانی و سەرەتا ناوبژیوانی پلە سێ بووم دواتریش لە ساڵی 1989گەیشتمە پلەكانی دوو و یەك لە لە ساڵی 1994تاكو 2006ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بووم، لە ساڵانی 2003بۆ2004 ناوبژیوانی نوخبەی ئاسیایی بووم.
*كاتی خۆی كە تۆ كاری ناوبژیوانیت دەكرد زیاتر بە لایەنگرانی یانەكانی كوردستان تۆمەتبار دەكرای هۆكاری چی بوو ؟
-چونكە ئێمە سەر بە كەركووك بووین لەسەر كوردستان هەژمار دەكراین، خۆشتان دەزانن لە كاری ناوبژیوانی لایەنگری بۆهیچ تیپێك نییە ئەم شتانە دوورە لە ڕاستی.
*بۆچی كاری ناوبژیوانیت جێهیشت؟
-تەمەنم گەورە بوو و بارودۆخی شاری بەغداش باش نەبوو هەرچەندە یەك دوو ساڵیشم مابوو، بەڵام خراپی بارودۆخی بەغدا هۆكاری جێهیشتنم بوو.
*یانەكانی كورستان گلەیی لە ناوبژیوانانی كوردستان دەكەن، هۆكاری چییە ؟
-بە بۆچوونی من ئەمساڵ و پاڕساڵیش، زۆربەی ناوبژیوانە گەنجەكان خولەكانی كوردستان بەڕێوە دەبەن، بەڕێوەبردنی كارەكانیان وەكو ناوبژیوان زۆر باش و سەركەوتوو و بێ كێشەن.
*دەڵێن ناوبژیوانانی كوردستان لە بڕی خولی كوردستان زیاتر گرنگی بە خولی عێراق دەدەن هۆكاری چییە ؟
-ناوبژیوانانی ئێمە بە پێچەوانەوە زیاتر گرنگی بە خولی كوردستان دەدەن بۆئەوەی كاریگەری نەبێت. لەسەرخولی عێراقی، خولی كوردستان پێش خولی عێراقی دەست پێ دەكات.
*لەژیانی وەرزشیت هیچ یارییەك هەبوو كە تۆ هۆكاری دۆڕانی تیپێك بیت؟
-تۆ ناتوانی هەموو بڕیارێك بدەیت، ناوبژیوان هەڵە دەكات بەس هەموو هەڵەیەك بە ئەنقسەت نییە، مرۆڤ هەیە بەقسە كردن هەڵە دەكات.
*دەلێن لە شاری كەركووك جەنابت جیاوازی لە نێوان ناوبژیوانانی كەركووك دەكەیت؟
- شتی لەم جۆرە بوونی نییە، من ناوبژیوانانی كەركووكم هەیە، من كەسەرۆكی ناوبژیوانانی كوردستانم جیاوازی لە نێوان هیچ ناوبژیوانێكی شارەكانی كوردستان ناكەم. ئەو كارەناكەم پشتگیری ناوبژیوانی شاری كەركووك بكەم لەسەر حیسابی هەولێر یان شارێكی تر جیاوازی نییە تۆ لە شوێنیك كاربكەی هەموو ناوبژیوانان لێت ڕازی نابن بە بۆ چوونی من پێشكەوتنی هەرخولێك بە بەهێزی ناوبژیوانان و باشی ئاستی ناوبژیوانان خولەكە پێشدەكەوێت.
*لەكوردستان هیچ ناوبژیوانێك هەیە شایستەی ئەوە بێت بیتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ؟
-ئێستا ئێمە لەكەركووك نەوزاد ساڵحمان هەیە، هەڵیان بژاردووە بۆ ناوبژیوانی نێو دەوڵەتی، خولی قەتەری زۆربەی ناوبژیوانان كە خولەكە بەرێوە دەبەن، تەمەنیان لە 25ساڵ تێ پەڕ ناكات، ئێمەش ئەمساڵ زیاتر گرنگیمان داوە بە ناوبژیوانانی لاو پشتگیریمان كردوونە، لەعێراق بناغەی ناوبژیوانان نییە، بەڵام لە كوردستان هەیە ساڵیك یان دووساڵی تر زیاتر بناغەی ناوبژیوانی دەبێـت، ناوبژیوانانی كوردستان ئاستی زۆر باشە.
*دەڵێن لەكاتی خۆی جەنابت بە واستە بوویتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی؟
-ئەگەر من كاتی خۆی واستەم كردبێ، نابمە ناوبژیوانی نوخبەی ئاسیاوی 50 یاری نێودەوڵەتی پاڵاوتنی ئاسیام پێ نادەن چەندین یاری نێودەوڵەتیم بەڕێوە بردووە، ئەگەر یەكێك بیەوێ پێشبكەوێت ئەوكات خەڵكێك قسەی بۆ هەڵدەبەستن.
* بۆئەوەی ناوبژیوانان پێشبكەون چ هەنگاوێك دەبێ بنرێ؟
-خولی زیاتریان بۆبكرێتەوە، بیاننێرنە دەرەوە كەمپی مەشقیان بۆبكرێتەوە باشترە.
*دەڵێن لە دانانی ناوبژیوانان ناعەدالەتی هەیە بە تایبەتی بۆگەشتەكانی دەرەوە ئەم جۆرە قسانە تاچەند ڕاستە؟
-هیچ شتێكی لەم جۆرە نییە ناردنیان بۆ دەرەوە هیچ واستەیەك نەكراوە، هەموو ناوبژیوانانی كوردستان كوڕ و برای ئێمەن ئێمە پیشتگیری ناوبژیوانانی لاو دەكەین، ئەگەر واستەكاری هەبوایەلەكاری ناوبژیوانی ئێستا ناوبژیوانانی ئێمە وا پێشنەدەكەوتن كەمترین هەڵەیان هەیە.
* ئێستا موچەی رێزلێنانی وەرزشوانە دێرینەكان بڕدراوە، بگەڕێتەوە باشترە یان وەك ئێستا بێت؟
-بگەڕێتەوە كارێكی زۆر باشە چونكە كۆمەڵێك كەس هەیە ماندوو بووە قاچ وپشتی لەسەر یاری و ناوبژیوانی داناوە، پێویستە ئاوڕی لێبدرێتەوە.