دیانا عەدنان كەریم: كردنەوەی ئۆردوگای مەشق دەبێتە هۆكاری پێشكەوتنی وەرزشی خانمان

دیانا عەدنان كەریم: كردنەوەی ئۆردوگای مەشق دەبێتە هۆكاری پێشكەوتنی وەرزشی خانمان
دیمانە:كارزان كانەبی

دیانا عەدنان كەریم لە دایكبووی شاری كەلارە و قوتابی قۆناغی دووەمی كۆلێژی ئاداب بەشی كۆمەڵایەتییە و یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق-ە لە هاوێشتنی ساپ و هەڵدانی قورس وهەڵدانی چەكوچ، لە ساڵی 2010 هاتە نێو یاری گۆڕەپان و مەیدان توانی بەشداری لە پاڵەوانێتی عێراق بكات و ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، ئەمەش بووە هۆكاری بانگهێشتكردنی بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق، ئەم یاریزانە لە ماوەیەكی كورتدا توانی ئاستی خۆی پێشبخات، بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ئەنجام بدەین.
* تا ئێستا بەشداری لە چەند پاڵەوانێتی كردووە؟
- تا ئێستا بەشداریم لە چوار پاڵەوانێتی عێراق و كوردستان كردووە، لە ساڵی 2010 لەسەر ئاستی عێراق لە هاویشتنی ساپ توانیم پلەی دووەم بە دەستبهێنم و لە هەمان پاڵەوانێتیدا لە هەڵدانی چەكوچ توانیم پلەی سێیەم بە دەستبهێنم دواتر راستەوخۆ بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرام.
* چۆن دەڕوانییە ئاستی وەرزش-ی ئافرەتان لە كوردستان؟
- ئاست و توانای ئافرەتان لە بواری وەرزش لەم چەند ساڵەدا پێشكەوتووە لە كوردستان، بەڵام هێشتا پێویستی بە بایەخدان و پشتگیری هەیە لە هەموو لایەكەوە.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی زیاتر وەرزشی ئافرەتان پێشبكەوێت؟
- بە بۆچوونی خۆم كردنەوەی ئۆردوگای مەشقی لە دەرەوەی كوردستان و بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە دەبێتە هۆكاری پێشكەوتنی ئاستی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان، چونكە ئەگەر سەیر بكەین تا ئێستا هیچ ئۆردوگایەكی مەشقی وەكو پێویست لە دەرەوەی كوردستان نەكراوەتەوە ئەمەش یەكێكە لە كێشە هەرە گەورەكانی وەرزشی ئافرەتان.
* كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
- بە پێی پاڵەوانێتییەكان ركابەرەكان دەگۆڕدرێن واتە ناتوانم ركابەری خۆم دەستنیشان بكەم، بەڵام گرنكترین شت لە وەرزش متمانەیە هەر یاریزانێك متمانەی تەواوی بە خۆی هەبوو، ئەوە هەردەم دەتوانێت سەركەوتن بە دەستبهێنێت.
* ئایا چۆن دەتوانین لە بواری وەرزش و خوێندن كاتت دابەش بكەیت؟
- ئەوەی راستی بێت، كە قوتابی كۆلێژم و لە هەمان كاتدا یاریزانم ئەمە كێشەم بۆ دروست دەكات، بەڵام توانیتم هاوسەنگی لە نێوان هەردووكیان دروست بكەم و رێگەم نەداوە نە كۆلێژ كاریگەری لە ئاستم بكات و نە وەرزش ببێتە هۆكاری دواكەوتنم لە كۆلێژ، لە هەمان كاتدا مامۆستا و راگرایەتی كۆلێژی ئاداب بەشی كۆمەڵایەتی زۆر هاوكاریم دەكەن و یارمەتی زۆرم دەدەن كە لەلایەن خۆمەوە سوپاسیان دەكەم و هەروەها سوپاسی بەشە ناوخۆیی (18) شوبات دەكەم، كە ئەوانیش هەردەم پاڵپشتم بووینە و یارمەتیان داوم.
* وەكو كچە وەرزشوانێك هیچ كێشەت لە ماڵەوە بۆ دروست بووە؟
- نەخیر هیچ كێشەم بۆ دروست نەبووە، بە پێچەوانەوە باوكم هەردەم هانم دەدات و پشتگیریم دەكات و داوام لێدەكات، كە ئاستم بەرزبكەمەوە و بایەخ بە مەشقەكانی خۆم بدەم و لە پاڵەوانێتییەكان متمانەم بە خۆم هەبێت بۆ ئەوەی بتوانم ئەنجام بە دەستبهێنیم، ئەمەش پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆم.
لە كۆتاییدا زۆر سوپاسی راهێنەرەكەم مامۆستا رێبوار محیەدین دەكەم، كە هەردەم پاڵپشتی لە یاریزانەكان دەكات و هیوادارام بتوانم لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە ئاستێكی بەرز و ئەنجامی باش بە دەستبهێنم بۆ ئەوەی ناوی وڵاتەكەم كوردستان بەرزبكەمەوە.
Top