سەرژمێرێكی تایبەت سەبارەت بە بەشداریكردنی یانەی هەولێر لە جامی یەكێتی ئاسیا
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بەفەرمی خەونی گەیشتنی یانەی هەولێر بۆ یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا لە ژێر دەستی یانەی كوەێت كوەێتی پوچەڵ كرایەوە دوای ئەوەی لە یاری چوون بە ئەنجامی دوو گۆڵ یارییەكی دۆڕاند و لە یاری هاتن بە ئەنجامی سێ گۆڵ بۆ هەردوو لا یەكسان بوون، بە پێویستمان زانی سەرژمێرێكی تایبەت بە بەشداریكردنی یانەی هەولێر لەم پاڵەوانێتییە ئامادە بكەین.
یانەی هەولێر لە جامی یەكێتی ئاسیا لە كۆمەڵەی پێنجەم شانبەشانی یانەكانی (عەهدی لوبنانی، كەرامە-ی سوری، عروبە-ی عومانی) یاریكرد، لەم كۆمەڵەیە یانەی هەولێر توانی بە پلەی یەكەم سەركەوێت بۆ قۆناغی هەشت دوای ئەوەی توانی چوار یاریدا سەركەوتن بە دەستبهێنێت لەگەڵ یانەكانی عەهدی لوبنانی (2-1)، (6-2) گۆڵ و كەرامەی سوری (3-0) گۆڵ و عروبەی عومانی (5-0)گۆڵ و لە دوو یاری یەكسانبوو لەگەڵ یانەكانی كەرامەی سووری (1-1) گۆڵ و یانەی عروبەی عومانی (0-0) گۆڵ، لەم كۆمەڵەیە 14 خاڵی كۆكردەوە.
لە قۆناغی 16 یانەی هەولێر میوانداری یانەی تامبینس رۆڤرزی سەنگافوری كرد لەم یارییە یانەی هەولێر توانی بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ سەركەوتن بە دەسبهێنێت و سەركەوێت بۆ قۆناغی هەشت، لەم قۆناغە یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی پرسیبۆرا جایابۆرای ئەندنووسی بووە توانی لە دوو یاریدا سەركەوتن بە دەستبهێنێت و بە ئەنجامی (2-1)، (1-0) گۆڵ بباتەوە بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆی سەركەوێت بۆ چوار گۆشەی زێڕینی ئەم پاڵەوانێتییە. لە چوار گۆشەی زێڕین یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی كوەێت كوەێتی بووە لە یاری یەكەم بە ئەنجامی (0-2) گۆڵ یارییەكی دۆڕاند و لە یارییە دووەم بە ئەنجامی (3-3) گۆڵ یەكسانبوون.
یەك دۆڕان بووە هۆكاری دەرچوونی هەولێر لە جامی یەكێتی ئاسیا
یانەی هەولێر لە جامی یەكێتی ئاسیا 2011، 11 یاری ئەنجامدا و توانی 7 سەركەوتن بە دەستبهێنێت و لە 3 یاری یەكسانبوو و تەنیا لە یەك یاری تووشی دۆڕان هات، ئەم دۆڕانە بووە هۆكاری ماڵئاوایی كردن لەم پاڵەوانێتییە، لەم 11 یارییە سێ سەركەوتنی لە نێو یاریگەی خۆی تۆمار كرد و چوار سەركەوتنی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تۆمار كرد و لە یەك یاری لە نێو یاریگەی خۆی تووشی دۆڕان هات و دوو یاری لە نێو یاریگەی خۆی یەكسانبوو و یەك یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یەكسانبوو.
موسلم موبارەك گۆڵكاری یانەكە بوو لەم پاڵەوانێتیە
یانەی هەولێر لەم پاڵەوانێتیە 24 گۆڵی تۆمار كردووە و 12 یاریزان توانیان ئەم گۆڵانە لەگەڵ یانەی هەولێر تۆمار بكەن، بەڵام یاریزان موسلم موبارك بووە گۆڵكاری یانەی هەولێر لەم پاڵەوانێتیە دوای ئەوەی توانی 5 گۆڵ لە 11 یاری تۆماربكات و لە پلەی پێنجەم گۆڵكارانی پاڵەوانێتییەكە هات و یاریزان مستەفا ئەحمەد لە پلەی دووەمی گۆڵكارانی یانەی هەولێر دێت بە تۆمار كردنی چوار گۆڵ و یاریزانان مەهدی كەریم و لوئەی سەڵاح و یونس شكور لە پلەی سێیەم دێن بە تۆماركردنی دوو گۆڵ و حەفت یاریزان، تەنیا یەك گۆڵیان لەم پاڵەوانێتییە تۆمار كردووە ئەویش هەریەكە لە (شوان مامۆ، نەبیل سەباح، ئەحمەد ئیبراهیم، ئەمجەد رازی، عەلی خزیەر، سەعد عەبدولئەمیر، هەڵگورد مەلا محەمەد).
لە بەرانبەردا یانەی هەولێر لەم پاڵەوانێتییەدا لە 11 یاری 9 گۆڵی لێ تۆمار كرا و تەنیا بەرانبەر یانەی كوەێت 5 گۆڵی لێ تۆمار كرا.
یانەی هەولێر گەورەترین بردنەوەی بەرانبەر یانەی عەهدی لوبنانی بوو، كاتێك توانی بە ئەنجامی (6-2) گۆڵ یارییەكەی لە نێو یاریگەی خۆی بباتەوە و گەورەترین دۆڕاندنی یانەی هەولێر بەرانبەر یانەی كوەێت بوو لە نێو یاریگەی خۆی بە ئەنجامی (0-2) گۆڵ دۆڕا، یانەی هەولێر توانی لە دوو یاری (8) گۆڵ لە عەهدی لوبنانی تۆمار بكات لە بەرانبەردا یانەی كوەێت كوەێتی لە دوو یاری (5) گۆڵی لە یانەی هەولێر تۆمار كرد.
یەكەم گۆڵی یانەی هەولێرلە جامی یەكێتی ئاسیا یاریزان لۆئەی سەڵاح تۆماری كرد دژی یانەی عەهدی لوبنانی و دوایین گۆڵ یانەی هەولێر لەم پاڵەوانێتییە تۆماری كرد لە رێگەی یاریزان مەهدی كەریم بوو دژی یانەی كوەێت كوەێتی.