وەزیری وەرزشی بەرازیل بەهۆی گەندەڵییەوە دەستی لە كاركێشایەوە
سیلڤا تۆمەتباركراوە بە پەیڕەوكردنی سیستمێكی تایبەت بۆ وەرگرتنی بەرتیل لە وەزارەكەی و خۆیشی بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتباركراوە، هەرچەندە تا ئێستا ئەو تۆمەتانەی لەسەر نەسەلمێنراوە.
سیلڤا پێنجەمین وەزیری حكوومەتی بەرازیلییە لە مانگی 2 ی رابردووەوە بەهۆی گەندەڵییەوە دەستلەكاردەكێشێتەوە.
وەزارەتی وەرزش یەك لە وەزارەتە گرنگەكانی بەرازیلە و سیلڤا سەرپەرشتی لیژنەی رێكخەری مۆندیالی 2014 و ئۆڵۆمپیادی 2016ی دەكرد.
فشارەكانی سەر سیلڤا لە چەند رۆژی رابردوودا زۆرتربوون دوای ئەوەی دادگای باڵای بەرازیل بڕیاری دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەی لە دژی دەركرد.
تا ئێستا روون نییە سیلڤا خۆی داوای دەستلەكاركێشانەوەی كردووە یان دیلما رۆسفی سەرۆكی وڵات ناچاری كردووە بەو كارە.