دەستەی كارگێری یانەی هەولێر چەند بڕیارێكی گرنگ دەدات
دوای ئەوەی لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو دەستەی كارگێری یانەی هەولێر چەندین كۆبوونەوەی ئەنجامدا و یەكێك لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ راهێنەری یانەی هەولێر ئەیوب ئۆدیشۆ بوو دوای گوێبیست بوونەوەی راوبۆچوونی راهێنەری ناوبراو و گفتوگۆكردن لەنێوان ئەندامانی دەستەی كارگێری یانەكە، بڕیاردرا بە.
1- نوێكردنەوەی متمانەی راهێنەری ئەیوب ئۆدیشۆ و یاریدەدەری راهێنەر موزفەر جەبار.
2- دەستبەرداربوونی راهێنەری گۆڵپارێزی یانەكە عیماد هاشم بەهۆی ئاست نەزمی گۆڵپارێزی یانەكە لە وەرزی ئەمساڵدا.
3- بەهۆی خراپی باری دارایی یانەكە بڕیاردرا بە دەستبەرداربوونی هەریەكە لە یاریزانان حەیدەر عەبدولئەمیر و یونس شكور، یانەی هەولێر دەستخۆشی لە هەردوو یاریزانی ناوبراو كرد و هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست.
4- دەستبەرداربوونی گۆڵپارێزی یانەكە محەمەد گاصد بەهۆی ئاست نەزمی و بە بەرپرسیاری سەرەكی دەرچوونی یانەی هەولێر لە قۆناغی چوار گۆشەی زێرینی جامی یەكێتی ئاسیا دادەندرێت.
5- كێشەی نێوان یاریزان مستەفا ئەحمەد و راهێنەر ئەیوب ئۆدیشۆ چارەسەر كرا دوای ئەوەی دەستەی كارگێری توانی ئەم لێكنەگیشتنە چارەسەر بكات و یاریزانی ناوبراو پەیوەندی بە مەشقی یانەكە دەكاتە بۆ خۆئامادەكردن بۆ خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێی.
6- دوای ئەوەی هەریەكە لە یانەكانی كەرخ و شوڕتە بەفەرمی داوای مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزان موسنا خالید-یان كرد، یانەی هەولێر ئەم داوایانەی رەتكردەوە و تەئكید لەوە دەكاتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەم یاریزانە نابێت دەبێت ناوبراو لەم وەرزە بۆ یانەكەمان یاری بكات بەپێچەوانە تووشی سزا دەبێت.
7- دوای ئەوەی یانەكەمان بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یاریزان قوسەی مونیر مۆركرد بۆ ئەوەی لە جامی یەكێتی ئاسیا لەگەڵ یانەكەمان یاری بكات، قوسەی مونیر پەیمانی دابوو تەنیا بۆ یانەی هەولێر یاری بكات ئەگەر گرێبەستی لە دەرەوەی عێراق بۆ نێت، بەڵام لەم ماوەیەدا یەكێك لە یانەكانی قەتەری بەفەرمی گرێبەستی پێشكەش بەم یاریزانە كردووە ئەگەر هەردوو لا رێكەوتن ئەوە دەچێت وڵاتی قەتەر ئەگەر نا ئەم یاریزانە بەفەرمی گرێبەست لەگەڵ یانەی هەولێر مۆردەكات بۆ ئەوەی لەم وەرزە لە خولی نایابی عێراق و جامی یەكێتی ئاسیا یاری بۆ یانەكەمان بكات.
8- تا ئێستا یانەكەمان كەسی بۆ پۆستی راهێنەری گۆڵچی دەستنیشان نەكردووە.
9- بۆ پركردنەوەی شوێنی محەمەد گاصد دەستەی كارگێری یانەكەمان بڕیاری داوە لەم ماویەدا گرێبەست لەگەڵ یەكێك لە گۆڵپارێزە كوردەكان مۆربكات.
لە كۆتایی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر تەئكید لەوە دەكاتەوە، كە بە دەستهێنانی سێ نازناوی خولی نایابی عێراق تەنیا كاری عیماد هاشم نەبوو، بەڵكو هەموو یاریزانەكان و راهێنەرەكان و هەموو لایەنێك رۆڵیان لە بە دەستهێنانی ئەم سێ نازناوە گرنگە هەیە.
وا بڕیارە رۆژی یەكشەممە لە یاریگەی دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری كاتژمێر 3ی ئێوارە یانەی هەولێر میوانداری یانەی شەرگات دەكات ئەم یارییە بەمەبەستی خۆئامادەكردنی هەردوو یانەیە بۆ خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێی.