ماتۆڕسوارێكی ئیتاڵی گیانی لە دەستدا

ماتۆڕسوارێكی ئیتاڵی گیانی لە دەستدا
ماركۆ سیمونكیلی ماتۆڕسواری ئیتاڵی دوێنێ یەكشەمە گیانی لە دەستدا دوای ئەوەی لە كاتی بەشداریكردنی لە پێشبڕكێی خەڵاتی گەورەی مالیزیا بۆ ماتۆڕسكیل دووچاری رووداو هات لەسەر پانكی سیپانگ.
پێشبڕكێیەكە دوای تەنیا 4 خولەك لە دەستپێكردنی راوەستا كاتێك ماتۆڕسكیلەكەی سیمونكیلی لە ئاراستەی خۆی لە سووڕانەوەی یازدەی پێشبڕكێیەكەدا دەرچوو و خۆی كێشا بە بە ماتۆڕسكیلی هەریەك لە كۆلین ئیدواردزی ئەمەریكی و ڤالنتینۆ رۆسی ئیتاڵیدا.
سیمۆنكیلی تەمەن 24 ساڵ بەهۆی رووداوەكەوە تووشی ئازار پێگەیشتنی زۆری سەری هات، ئەمەش لەبەرئەوەی لە كاتی بەربوونەوەی لەسەر ماتۆڕسكیلەكەی خۆی بەر ماتۆڕسكیلی رۆسی و ئیدواردز كەوت.
بەهۆی هەمان رووداوەوە ئیدواردزیش لەسەر ماتۆڕسكیلەكەی بەربووەوە بەڵام ئازاری زۆری پێ نەگەیشت و رۆسی ناچاربوو بچێتە شوێنی چاككردنەوەی ماتۆڕسكیلەكان.
لە دوای رووداوەكە سیمۆنكیلی لە زەویدا بێهۆش كەوت و ئاڵای سوور كە ئاماژەیە بۆ راگرتنی پێشبڕكێیەكە بەرز كرایەوە.
Top