فابریگاس بە كانۆتێی گوتووە بێزم لێت دەبێتەوە!
لە دوا ساتەكانی یارییەكەی دوێنێ شەودا كە بەهۆی ئەنجامەكەیەوە بەرشەلۆنە پێشەنگی خولی ئیسپانی بۆ ریال مەدریدی ركابەری سەرەكی جێهێشت، ناوبژیوانی یارییەكە لێدانێكی سزای بۆ یانەی بەرشەلۆنە ژمارد، بەڵام بەر لە لێدانی سزاكە كە تێیدا لیۆنێل میسی نەیتوانی گۆڵ تۆمار بكات، كانۆتێ هێرشی كردە سەر فابریگاس و بە توندی لێی دا و ناوبژیوانی یارییەكە كانۆتێی كردە دەرەوە.
هۆكاری ئەو هەڵچوونە زۆرەی كانۆتێ پرسیاری گەورەی لە میدیای ئیسپانیدا وروژاندا، بە تایبەت كە كانۆتێ زۆر نەبوو هاتبووە ناو یاریگا و تیپەكەی لە دۆخێكی باشدا بوو كە تا ئەوكات خۆی لە بەرامبەر هێرشە زۆرەكانی بەرشەلۆنەدا گرتبوو.
رادیۆری كوپی ئیسپانی دوای یارییەكە گوتی سیسك فابریگاس قسەی نەشیاوی رەگەزپەرستانەی بە كانۆتێ گوتووە كە رەش پێستە و پێی گوتووە بێزم لێت دەبێتەوە.
مارسیلینۆی راهێنەری یانەی سڤیلیە گوتی زانیاریم نییە لەسەر ئەوەی فابریگاس چی بە كانۆتێ گوتووە، بەڵام پێم سەیر بوو كە ئەو بەو شێوە بە رووی فابریگاسدا هەڵشاخا لە كاتێكدا پێشتر هیچ شتێك رووی نەدابوو.
رۆژنامەی ئیستادیۆ دیپۆرتیڤۆ ئەو قسانەی پشتراستكردەوە و گوتی فابریگاس بە كانۆتێی گوتووە بێزم لێت دەبێتەوە، ئەمەش بێگومان لەبەرئەوەی ئەو یاریزانێكی رەش پێستە.