لە یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی نەتەوەكانی ئەوروپا 2012: زۆربەی هەڵبژاردە گەورەكان سەركەوتن
كۆمەڵەی یەكەم
لەم كۆمەڵەیە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە شایستەی سەركەوتنی بۆ جامی نەتەوەكانی ئەوروپا مسۆگەر كرد دوای ئەوەی توانی 10 سەركەوتن لە 10 یاری بە دەستبهێنێت لە بەرانبەردا هەڵبژاردەی توركیا سەركەوت بۆ یارییەكردن لە قۆناغی پاشكۆ، هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی بەلژیكا و نەمسا و ئازربایجان و كازاخستان ماڵئاواییان كرد.
كۆمەڵەی دووەم
لەم كۆمەڵەیە هەڵبژاردەی رووسیا بە شایستەیی سەركەوت بۆ جامی نەتەوەكانی ئەوروپا دوای ئەوەی لە پلەی یەكەمی ئەم كۆمەڵەیە هات بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ كۆماری ئێرلەندە كە یاری لە قۆناغی پاشكۆ دەكات و هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی ئەرمینیا و سلۆفاكیا و مەقدۆنیا و ئەندۆرا ماڵئاواییان كرد.
كۆمەڵەی سێیەم
لەم كۆمەڵەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە ئاسانی توانی سەركەوتن بۆ جامی نەتەوەكان ئەوروپا مسۆگەر بكات دوای ئەوەی توانی لە 8 یاری سەركەوتن تۆمار بكات و لە دوو یاری بەرانبەر بوو بە بێ هیچ دۆڕانێك ئەوەی چاوەڕوانەكراو بوو هەڵبژاردەی ئەستۆنیا لە پلەی دووەمی ئەم كۆمەڵەیە هات و سەركەوت بۆ قۆناغی پاشكۆ و هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی صربیا و سلۆڤینیا و ئێرلەندەی باكوور و دوورگەكانی فاروو ماڵئاواییان كرد.
كۆمەڵەی چوارەم
لەم كۆمەڵەی هەڵبژاردەی فەرەنسا بە زەحمەتی توانی سەركەوتن بۆ جامی نەتەوەكانی ئەوروپا مسۆگەر بكات بە جیاوازی یەك خاڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی بۆسنە و هێرسك، كە لە پلەی دووەمی كۆمەڵەكە هات و سەركەوت بۆ یارییەكانی پاشكۆ و هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی رۆمانیا و رووسیای سپی و ئەلبانیا و لۆكسمبۆرگ ماڵئاواییان لەم پاڵەوانێتیە كرد.
كۆمەڵەی پێنجەم
لە كۆمەڵەیە هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەند و سوید راستەوخۆ سەركەوتن بۆ یارییەكانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا، كاتێك هەڵبژاردەی هۆڵەندە لە پلەی یەكەمی ئەم كۆمەڵەیە هات بە تۆماركردنی 9 سەركەوتن و لە یەك یاری تووشی دۆڕان هات لە بەرانبەردا هەڵبژاردەی سوید بە باشترین هەڵبژاردەی خاوەن پلەی دووەم سەركەوت بۆ جامی نەتەوەكانی ئەوروپا دوای ئەوەی توانی 8 سەركەوتن بە دەستبهێنێت و لە دوو یاری تووشی دۆڕان هات و هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی هەنگاریا و فینلندە و مۆڵدۆڤیا و سان مارینۆ ماڵئاواییان كرد.
كۆمەڵەی شەشەم
لەم كۆمەڵەیە هەڵبژاردەی یۆنان توانی بلیتی یەكەم بۆ خۆی مسۆگەر بكات دوای ئەوەی لە پلەی یەكەم هات بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی كرواتیا، كە لە پلەی دووەم هات و سەركەوت بۆ یارییەكانی پاشكۆ و هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی ئیسرائیل و لاتفیا و جۆرجیا و ماڵتا ماڵئاواییان كرد.
كۆمەڵەی حەوتەم
لەم كۆمەڵەیە هەڵبژاردەی ئینگلتەرە بە بێ هیچ كێشەیەك سەركەوت بۆ جامی نەتەوەكانی ئەوروپا دوای ئەوەی توانی ئاستێكی باش لە یارییەكانی پاڵاوتن پێشكەش بكات و بە جیاوازی شەش خاڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی مۆنتینێگرۆ، كە بە پلەی دووەم هات و سەركەوت بۆ یارییەكانی پاشكۆ و هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی سویسرا و وێلز و بولگاریا ماڵئاواییان كرد.
كۆمەڵەی هەشتەم
لەم كۆمەڵەیە ركابەرییەكی یەكجار بەهێز هەبوو و لە كۆتاییدا هەڵبژاردەی دانیمارك توانی لە پلەی یەكەم بێت بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی پوروتوگال، كە لە پلەی دووەم هات بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی نەرویج، كە لە پلەی سێیەم هاتن بەڵام هەڵبژاردەی پورتوگال سەركەوت بۆ یارییەكانی پاشكۆ، هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی نەرویج و ئیسلندە و قوبرس ماڵئاواییان كرد.
كۆمەڵەی نۆیەم
لەم كۆمەڵەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەر زوو بڵیتی سەركەوتنی بۆ خۆی مسۆگەر كرد دوای ئەوەی توانی لە 8 یاری 8 سەركەوتن بە دەستبهێنێت، بەڵام ركابەرییەكی بەهێز لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئوسكتلندە و چیك هەبوو لەسەر پلەی دووەم، لە كۆتاییدا هەڵبژاردەی چیك پلەی دووەمی بە دەست هێنا و سەركەوت بۆ یارییەكانی پاشكۆ و هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی ئوسكتلندە و لیتوانیا و لیشتنشتاین ماڵئاواییان كرد.
جێگەی باسە یارییەكانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا لە ساڵی 2012 لە هەردوو وڵاتی ئوكرانیا و پۆڵەندە بەڕێوە دەچێت.