شانا عیماد یاریزانی تێنسی سەرزەوی یانەی دهۆك: بە هیوای ئەوەم بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی جیهان بكەم

شانا عیماد یاریزانی تێنسی سەرزەوی یانەی دهۆك: بە هیوای ئەوەم بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی جیهان بكەم
شانا عیماد لەدایكبووی ساڵی 1995ی شاری دهۆكە،یەكێكە لە یاریزانە هەرەبەتواناكانی كوردستان،خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە لەگەڵ یانەی دهۆك لەدواین پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەوی كوردستان توانی لە سەر ئاستی پێشكەوتووان پلەی یەكەم بەدەست بهێنێ،بووە مایەی سەرنجی زۆربەی ئامادەبووان وپاشە رۆژێكی باشی لێ چاوەڕوان دەكرێت .ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-ئەم یارییە پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر ئاستی كوردستان وعێراق،یاریزانانی یانەكانیش بە تایبەتی یانەكانی كوردستان ئاستیان زۆر بەرزە و پاشەڕۆژێكی باشیان دەبێت،دەتوانن نوێنەرایەتی عێراق بكەن،لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە.
* شاری دهۆك لە چ ئاستێكدایە؟
-شاری دهۆك یەكێكەلەو شارانەی كە گرنگیەكی زۆر بە یاری تێنسی سەرزەوی دەدات،بۆهەردووو ئاست،یانەكەشمان یەكێكە لە یانە هەرە بەتواناكانی عێراق،تەواوی یاریزانەكانمان لاون لەو یانەیە دروست بوینە گرنگی زۆرمان پێ دەدرێت و نزیكەی هەشتا یاریزان دەبین لەم شارە ئەوەش بەڵگەی قسەكانمە.
*چی بكرێت باشە بۆبەرەو پێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستان؟
-ئەگەر بمانەوێ ئەو یارییە پێشبكەوێت دەبێت،لە قۆناغی تازە پێگەیشتووانەوە دەست پێ بكەین،چەندین قوتابخانە بكەینەوە لە شارەكانی كوردستان بۆچەند ساڵێك ڕاهێنانیان پێ بكەین، دواتر دەبنە نموونەی باشترین یاریزان لەسەر ئاستی عێراق بگرە لە ئاسیاش ئەنجامیان دەبێت،بۆهەردوو ئاست بێت باشترە زیاتریش لە پشووەكان بێت باشترە بۆمنداڵان.
*كێشەو گرفتان چیە لە یانەی دهۆك؟
-هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە،چونكە یانەی دهۆك هەموو پشتگیرییەكی بۆمان فەراهەم كردووە،لە یاریگاو پێداویستی وەرزشی.
*دەستەی كارگێڕی یانەی دهۆك گرنگیتان پێ دەدەن؟
-بێ گومان یانەی دهۆك لە هەموو كاتەكان هەرلەسەرەتای دروست بوونی تیپەكەمانەوە تاكو ئێستا بەردەوام گرنگییان بە ئێمە داوە ئێمەش ئەنجامی باش پێشكەش دەكەین.
*ماڵەوە هاوكاریت دەكەن بۆوەرزش كردنت؟
-بێ گومان سوپاسی خانەوادەكەم دەكەم،كە بەردەوام پشتگیریم دەكەن،بۆیە منیش تاوكو ئێستا توانیومە بەردەوام بم لە وەرزش كردن.
* لەهەڵبژاردەی عێراق داواكراوی؟
-بەڵێ بانگ كراوم وئێستاش یاریزانی ئەو هەڵبژاردەیەم
* هیواو ئاواتت چییە لەم یارییە؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم باشترین ئەنجام لەسەر ئاستی عێراق وئاسیا و بەدەست بهێنم ناوی خۆم و كوردستان بەرز بكەمەوە.بتوانم لە پاڵەوانێتیەكی جیهانی بەشداربم.
*چی بەوكچانە دەڵێی كە وەرزش ناكەن؟
-هیوادارم ئەوانەی وەرزش ناكەن،بە زووترین كات پەیوەندی بەیەكێك لە یارییە وەرزشییەكان بكەن،بۆئەوەی ناوی خۆیان بەرزكەنەوە.
*دەڵێن یانەی دهۆك گرنگی زۆر بە تیپی كچان دەدات لەم یارییە؟
-بەدڵنیاییەوە لەگەڵ دروست بوونی تیپی كچان یانەی دهۆك هیچ كەم تەرخەمییەكی نەكردووە تەنیا پشتگیری ئێمەی كردووە ئێمەش توانیومانە تاڕادەیەك دڵی ئەوان ڕازی بكەین،بتوانین ئەنجامی باش و ناوی یانەكە بەرز بكەینەوە.
*پەیامت چییە بۆبەرپرسانی وەرزشی؟
-بەهیوای ئەوەم زیاتر هانی تیپەكانی كچان بدەن،گرنگی بە یارییە تاكەكانیش بدەن،بۆئەوەی ئێمەش بتوانین باشترین ئەنجام لەسەر ئاستی عێراق و ئاسیا بەدەست بهێنین.
*چیت ماوە لە كۆتایی بۆگۆڤاری گوڵان؟
- سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم،بەهیوای ئەوەم زیاتر هانی كچان بدەن،بۆئەوەی وەرزشیان لا خۆشەویست بێت ڕوو لە وەرزش بكەن.
Top