پاڵەوانێتی تێنسی یانەكانی عەرەب : سلێمانی سێیەم و پێشمەرگە چوارەمی گروپەكانیان بوون

پاڵەوانێتی تێنسی یانەكانی عەرەب : سلێمانی سێیەم و پێشمەرگە چوارەمی گروپەكانیان بوون
گوڵان:كارزان كانەبی-بێوەی -عەمان
لەپاڵەوانێتی تێنسی سەرمێزی یانەكانی عەرەب، كەیاریەكانی لەوڵاتی ئوردون بەردەوامە، ئەمڕۆ یاریەكانی قۆناغی گروپەكان كۆتایی هات و، یانەكانی سلێمانی و پێشمەرگەی سلێمانی لەپلەكانی سێیەم و چوارەمی گروپەكانیاندا بوون.
دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ كوڕانی یانەی سلێمانی بەرامبەر یانەی سەدی قەتەڕی (2-3) دۆڕان و كوڕانی پێشمەرگەش بەرامبەر یانەی ئەرسەزۆكسی ئوردونی (1-3) دووچاری شكست بوون، بەهەمان شێوە لەیاریەكانی ئەم ئێوارەیەشدا بەشكست كۆتاییان بەیاریەكانیان لەقۆناغی گروپەكاندا هێنا.
یانەی سلێمانی كاتژمێر 6.45 خولەك روبەروی یانەی ئەهلی سعودی بوەوەو بەئەنجامی (0-3) یاریەكەی پێدۆڕاند .
لەیاری یەكەمدا بەختیار عەبدولباقی روبەروی یاریزانێكی چینی یانەی ئەهلی بویەوەو بەئەنجامی (0-3) گێم یاریەكەی پێدۆڕاند، خاڵی گێمەكان (8-11، 5-11، 7-11) بوو.
لەیاریی دووەمدا هەردی عەلادین بەرامبەر خالید حەربی یارییكردوو بەهەمان شێوەی بەختیار (0-3) گێم یاریەكەی پێدۆڕاند، خاڵی گێمەكان (6-11، 7-11، 9-11) بوو.
لەیاری سێیەمدا حسێن عومەر بەرامبەر یاریزانێكی لاوی یانەی ئەهلی بە سێ گێمی بێ وەڵام یاریەكەی دۆڕاند، خاڵی گێمەكانیش (11-13، 5-11، 8-11) بوو.
بەو ئەنجامە یانەی ئەهلی پلەی یەكەمی گروپەكەی وەرگرت و یانەی سەدی قەتەڕیش پلەی دووەمی داگیر كرد، یانەی سلێمانیش لەپلەی سێیەمدا گیرسایەوەو لەقۆناغی داهاتوودا و لەیەكەمین یاریی خۆیدا بۆ دیاریكردنی پلەكانی 9-16 روبەروی یانەی كازمەی كوێتی دەبێتەوە، یاریەكەش كاتژمێر 11.30 خولەكی پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە دەكرێت.
لەلایەكی ترەوە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دووچاری سێیەمین شكست بوەوەو بەئەنجامی (1-3) بە یانەی تەزامونی كوێتی دۆڕاند .
بەو ئەنجامەش كوڕانی پێشمەرگەی سلێمانی لەپلەی چوارەمی گروپەكەیاندا هاتن و كاتژمێر 11.30 خولەكی پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە بۆ دیاریكردنی پلەكانی 9-16 روبەروی یانەی یەرموكی ئوردونی دەبنەوە.
Top