لە جامی یەكێتی ئاسیا: هەولێر لە بەردەم ئەركێكی قورسدایە
جەماوەر چۆن دەڕوانێتە چانسی یانەی هەولێر لەم یارییە
هەرچەندە یانەی هەولێر لە یاری یەكەم تووشی شكستێكی چاوەڕوانەكراو هات لە نێو یاریگەی خۆی، بەڵام جەماوەری یانەی هەولێر تەئكید لەوە دەكەنەوە، كە هێشتا چانسی یانەی هەولێر بۆ سەركەوتن بۆ یاری كۆتایی ماوە ئەگەر یاریزانان بتوانن لەم یارییە ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشكەش بكەن و راهێنەر ئەیوب ئۆدیشو چارەسەری ئەم هەڵانە بكات، كە لە یاری یەكەم رووبەڕووی بوونەوە.
یەكێك لە هاندەرانی یانەی هەولێر سەبارەت بە یارییەكی سبەی گوتی: هەرچەندە یانەی هەولێر لە یاری یەكەم بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر تووشی دۆڕان هات، بەڵام لە یاری تۆپی پێ بێ هیوا بوون نییە ئەو تیپی ئاستی بەرز پێكشەش بكات ئەوە هەردەم چانس یاوەری دەبێت، بۆیە متمانەیەكی زۆرم بە یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی یانەكەم هەیە، كە بتوانن لەم یارییە سەركەوتن تۆمار بكەن بۆ یەكەم جار بگەنە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا و هۆكاری ئەم متمانەیەشم بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە هەردەم یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامی باش بە دەست دەهێنێت و هیوادارم یاریزانانی یانەی هەولێر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و دڵی هاندەرانی یانەكەیان خۆش بكەن.
دەستەی راهێنەران بۆ بردنەوە یاری دەكەین
هەر دوای تەواوبوونی یاری یەكەم راهێنەری یانەی هەولێر ئەیوب ئۆدیشۆ داوای لێبوردنی لە جەماوەری یانەكەی كرد و تەئكیدی لەوە كردەوە، كە یاری هاتن لە وڵاتی كوەێت زەحمەتە، بەڵام ئێمە هەموو شتێك دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین بلیتی سەركەوتن بۆ یاری كۆتایی مسۆگەر بكەین و ئێمە لەم یارییە هەموو شتێك دەكەین بۆ ئەوەی سەركەوتن بە دەستبهێنین.
عومەر مەجیدی یاریدەدەری راهێنەر تەئكید لە زەحمەتی ئەم یارییە كردەوە گوتی: هەرچەندە ئەركی یانەكەمان لە یارییەكە زۆر زەحمەت و قورسە، بەڵام زۆر شتی چاوەڕوانەكراو هەیە لە یاری تۆپی پێ و ئێمە هەموو شتێك دەكەین لەم یارییە بۆ ئەوەی سەركەوتن بە دەستبهێنین.
یاریزانێكی هەولێر لە یاری هاتن یاری ناكات
دوای ئەوەی لە یاری چوون لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و كوەێت كوێتی یاریزانی یانەی هەولێر ئاوس ئیبراهیم بە كارتی سوور یاریگەی جێهێشت.
بۆیە لە یاری هاتن، كە وا بڕیارە رۆژی سێشەممە لە یاریگەی كوەێت بەڕێوە بچێت یاریزانی ئاوس ئیبراهیم نەتوانێت لەم یارییە بەشدار بێت، لە بەرانبەردا لە یاری هاتن-دا هەردوو یاریزان مەهدی كەریم و ئەمجەد رازی پێوەندی بە یانەكەوە دەكەن و لەم یارییە بەشدار دەبن و تا ئێستا چارەنووسی یاریزان مستەفا ئەحمەد دیار نییە، بەهۆی بوونی لێكنەگەیشتنێك لە نێوان یاریزان ناوبراو و راهێنەر ئەیوب ئۆدیشۆ لە بەرانبەردا گشت یاریزانەكانی یانەی كوەێت كوەێتی لەم یارییە یاری دەكەن، بەڵام زیاتر لە 10 یاریزان كارتی زەردی هەیە.