لە كەرنەڤاڵێكی قەشەنگدا یەكەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر سەركەوتووانە بەڕێوەچوو

لە كەرنەڤاڵێكی قەشەنگدا یەكەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر سەركەوتووانە بەڕێوەچوو
یەكەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەبەشداریی هەزاران وەرزشوان و هاووڵاتی ئاسایی هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ئەوروپا و بەشدارییەكی چالاكانەی ئیتاڵییەكان بەڕێوەچوو.
ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر كاتژمێر 7:00 ی سەرلەبەیانی لە شەقامی 60 مەتری بەرامبەر تەلاری پەرلەمانی كوردستان، بەبەشداری ژمارەیەك وەزیر و پەرلەمانتارو كونسوڵی وڵاتانی جیهان و بەرپرسان و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی ئیتاڵیا و نایجیریا و كینیا و ئەڵمانیاو ئەمەریكا و ئیسپانیاو چەندین وڵاتی تری جیهان، دەستی پێ كرد..
عەبدولستار عیسمەت لە لێژنەی باڵای ماراسۆنەكە و رێكخەری ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە نزیكەی 2000 كەس بەشدارییان لەو ماراسۆنەدا كردووەو ئیتاڵییەكانیش بەشداریەكی چالاكانەو بەرفراوانیان هەبووە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو ماراسۆنە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان بگەیەنینە هەموو جیهان.
هەروەها ناوبراو سوپاسی پارێزگای هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی كرد بۆ سەرخستنی ئەم ماراسۆنە نێودەوڵەتییە.
ئەنجامی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكەش بەمجۆرەبوو:
ماراسۆنی تەواو 42 كم واتە چوار خول بەدەورەی شەست مەتری: سێرخیۆ لێسیان(ئیتاڵیا)/ یەكەم، مارسیلۆ دۆسی (ئیتاڵیا)/ دووەم، موزهر نیعمە/ سێیەم.
نیو ماراسۆن 21 كم كچان، دووخول بەدەورەی شەست مەتری، دالیا ئەحمەد/یەكەم، دیبارۆ فیدریكا (ئیتاڵیا)/ دووەم، ئامال خزر/ سێیەم.
21 كم كوڕان (دوو خول بەدەورەی شەست مەتری)، عەلی ئەحمەد/ یەكەم، لادێ غازی/ دووەم، عومەر موسا/ سێیەم.
10 كم كوڕان، مونتەسڕ حەسەن/ یەكەم، ئاوات مەحموود/ دووەم، محەمەد هادی/ سێیەم.
10 كم كچان، شێنێ عەزیز/ یەكەم، ناز تەحسین/ دووەم، دڵسۆز عوبێد/ سێیەم.
دوای تەواوبوونی ماراسۆنەكە، لە مەراسیمێكی شایەستەدا بەئامادەبوونی سەفین دزەیی وەزیری پەروەردەو كاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان خەڵات و دیاری بەسەر سەركەوتوواندا دابەشكراو مەدالیای رێزلێنایش پێشكەش بە بەشداربووان كرا..
شایانی باسە ئەگەرچی یەكەمجارە ماراسۆنی نێودەوڵەتی لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، بەڕێوەبردنی ماراسۆنەكە زۆر رێكوپێك و لە ئاستێكی بەرز دابوو. دەسكەوتێكی گەورەش بوو بۆ هەرێمی كوردستان كە میوانداری رووداوێكی وەرزشی وا گەورە دەكات، بەسەرپەرشتی و ئامادەكاری سەرەكی رێكخراوە مەدەنییەكانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا حكومییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان..
Top