سەرۆكی ئەرسناڵ: پێویستیمان بە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا نییە

سەرۆكی ئەرسناڵ: پێویستیمان بە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا نییە
ئیڤان گازیدیسی سەرۆكی جێبەجێكاری یانەی ئەرسناڵی ئینگلیزی گوتی یانەكەمان دەتوانێ لە رووی داراییەوە پشت بەخۆی ببەستێت ئەگەر لە پارەی بەشداریكردن لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش بێبەش بێت و گوتی نەبوونی ئەو پارەیە دوورمان ناخاتەوە لە ركابەریكردن لەسەر نازناوی خولی ئینگلیزی.
لێدوانەكانی گازیدیس وەك رێخۆشكردن بۆ سەرنەكەوتنی یانەكە بۆ خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە وەرزی داهاتوو لەلایەن رۆژنامەكانەوە لێكدرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یانەكە لە وەرزی ئەمساڵدا ئاستێكی زۆر خراپی پێشانداوە و یەكەمجارە لە ماوەی 58 ساڵی رابردوودا ئەرسناڵ بەو شێوەیە بێت و پلەی پانزەیەمی خولەكە بگرێت.
لەوانەیە ئەرسناڵ بكەوێتە دەرەوەی ئەو یانانەوەی لە وەرزی داهاتوودا بۆ خولی چامپیۆنس لیگ سەردەكەون، دوای ئەوەی تۆتنهام هۆتسپێر و لیڤەرپوول ئاستێكی بەرز لە وەرزی ئەمساڵدا پێشكەش دەكەن.
گازیدیس گوتی ئێمە هەوڵ دەدەین بگەینە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، بەڵام ئەگەر سەرنەكەوتین، ئەوا ئێمە دڵخۆشین بەوەی كە یانەیەكی گەورەمان هەیە و سەقامگیرە و مەرج نییە هەموو وەرزێك ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات.
Top