عەبدولكەریم حاجی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی هەولێر:هیوادارم حكومەتی هەرێم هاوكارییەكی تەواوی وەرزشوانە دێرینەكان بكات

عەبدولكەریم حاجی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی هەولێر:هیوادارم حكومەتی هەرێم هاوكارییەكی تەواوی وەرزشوانە دێرینەكان بكات
عەبدول كەریم حاجی ناسراوە بە مامۆستا عەبدول كەریم یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی پێشوی شاری هەولێر بووە،ماوەیەكی زۆر لە خزمەتی وەرزشی بووە چ وەكو یاریزان كە لەریزی یانەی بروسك وهەڵبژاردەی تۆپی پێی هەولێر یاری كردووە، وەكو ناوبژیوانیش خزمەتی یاری كردووە خاوەن دوو بڕوانامەی نێودەوڵەتییە لە هەردوو شاری پورسەعید و بەغدا بەدەستی هێناوە ماوەیەك ڕاهێنەری كردووە ئێستاش خانەنشین بووە.
*كاتی خۆی ئێوە چۆن وەرزشتان دەكرد؟
-وەكو ئێستا نەبووین ئێمە هەموومان قوتابی بووین،لە زۆركات لەسەر شەقامەكان و كۆلانەكان یاریمان دەكرد، زۆرجاریش لەگەڕەكی گەڵكەندبووین یاریگایەكی خۆش لەوێ هەبوو دەچوومە ئەو یاریگایە وەرزشم دەكرد، كاتی خۆی تۆپی فوتبۆل نەبوو دوو برادەرمان هەبوو ئەوان تۆپیان دەهێنا ئێمەش یارییمان پێ دەكرد ئەوان رۆڵیان هەبوو لە دروست بوونی ئێمە. دواتریش لە قوتابخانەكان یاریم دەكرد.
*سەرەتا چۆن لە هەڵبژاردەی هەولێر وەرگیرای؟
-ساڵی 1961-1963لە هەڵبژاردەی هەولێر ودواتر لە یانەی بروسك یاریم كرد .
*ئەو كات تەنیا یانەی بروسك هەبوو لە هەولێر؟
-بەڵێ یانەی بروسك تاكە یانە بوو لە هەولێر یاریزانە باشەكان لەویانەیە كۆببوونەوە دوایی یانەی هەولێر دامەزرا، یانەی بروسك لە هەموو عێراق ناوبانگی هەبوو.
*كاتی خۆی دەلێن جەنابت ڕاهێنەریت كردووە؟
-بەڵێ لەدوای كۆتایی هاتنی ماوەی یاریزانیم بوومە ڕاهێنەری یانەی بروسك، دواتریش ماوەی 14ساڵ سەرپەرشتیاری وەرزشی بوومە
*كاتی خۆی ئێوە بۆچی وەرزشتان دەكرد؟
-ئەوكات ئێمە بیرمان بۆپارە نەدەچوو،بۆخۆمان وەرزشمان دەكرد پارەی خۆمان بۆخۆمان بوو بە جلو بەرگی خۆمان وبە پارەی خۆمان وەرزشمان دەكرد،هیچ كات بیرمان لەوە نەدەكردەوە كە رۆژێك لە رۆژان ئێمە پارە لە یانەكەمان وەربگرین،كاتی خۆی پشتگیری زۆر كەم بوو،یانەی بروسك ئەو یانە گەورەیە بوو بودجەی یانەی بروسك بۆ یەكساڵ شەش دینار بوو،كە لەهەڵبژاردەی هەولێریش یاریمان دەكرد یەك تاخم جلی وەرزشیمان هەبوو، كە یارییەكە تەواو دەبوو لێمانیان دەستاندەوە .
*كە تەنیا یاریت بۆیانەی بروسك كردووە نەچوویتە هیچ یانەیەكی تر؟
-تەنیا لە یانەی بروسك یاریم كردوە، هەرئەوكات سكرتیروڕاهێنەری یانەكەش بووم، ئەنجامی باشمان هەبوو لەگەڵ یانەی بروسك لەگەڵ چەندین یانەی بەناوبانگی عێراقی یاریمان كردووە سەركەوتنمان تۆماركردووە.
*بۆچی ئێستا لە وەرزش دووركەوتییەوە ؟
-كە خانەنیشین بووم دووركەوتمەوە، بەڵام لەم ماوەیە برادەران زۆر تەكلیفیان كرد بۆ وەرزشوانە دێرینەكان بگەڕێمەوە، بۆئەوە من وچوار برادەری تر كارمان كرد بۆئەوەی ئەو كەم وكورتییانەی كە هەیە كۆتاییان پێبهێنین.
*بۆچی ماوەیەك پێش ئێستا لە وەرزشوانە دێرینەكانیش وازت هێنا؟
-ئەو كەموكورتییەی كە هەبوو لە ماوەی پێشوو، ئێمە كەهاتین ئەو ژمارە زۆرەی وەرزشوانە دێرینەكانمان كەمكردەوە لە 5هەزار كەس تەنیا نزیكەی 3سەد كەسمان هێشتەوە كە مافی خۆیان بوو بۆمووچە، ئەو ماوە زۆرەش كە وەرزشوانە دێرینەكان رێژەیان زۆر بوو بەرپرسەكان هۆكار بوون هەر كەسەو پێنج شەش كەسی دەهێنا لە پاسەوانەكانی دەیگوت، ئەوانە وەرزشوانی دێرینن تەنیا بۆپارەكە ئەو دەستەیان تێكدا، دواجار ئێمە هاتین بەهەموویان 303 كەس مانەوە بۆ خەڵات كردن، ئەگەر بۆیان گەڕایەوە، هەوڵی زۆرماندا بۆ گەڕانەوەی موچەكە سەردانی چەندین بەرپرسمان كرد سوودی نەبوو، چوینە پەرلەمان وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان بەڵام گوتیان نابێت دوو موچەیان هەبێت. بەرپرس هەیە لە ناو حكومەت رێگر بوو بۆ ئەو موچەیە،خەباتی ئەندام پەرلەمانێك وخەباتی وەرزشوانە دێرینێك جیاوازی چییە، ئەندام پەرلەمانەكە بۆحزبەكەی خۆی كاردەكات بەس ئەو وەرزشوانە دێرینە بۆ كوردستان خەباتی كردوە ناوی كوردستانی بەرز كردۆتەوە .
*كاتی خۆی كێشەتان چی بوو لە وەرزش كردنتان؟
-كاتی خۆی كێشەیەكی وامان نەبوو تەنیا پشتگیری مادی نەبوو، دەچووینە شارەكانی تر بۆیاریكردن دەبوایە یاریزانەكان لە نێو خۆمان پارە كۆبكەینەوە بۆپاسەكە. یاریزانی ئەوكات تەمەنی درێژتر بوو لە ئێستا. بەڵام یاریزانی ئێستا پارە لەخۆبایی كردوونە.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆئەوەی وەرزش پێش بكەوێت؟
-كاتی خۆی چەندین یاریزانی باش هەبوو لە هەولێر كە كە لە یانە بەناو بانگەكان و هەڵبژاردەی عێراق یارییان دەكرد، كەچی ئێستا پێچەوانە بوویتەوە، یانەی هەولێر یەك لە یانە بەناوبانگەكانە یاریزانی عەرەب دەهێنێت، گرێبەستی گرانبەهایان پێشكەش دەكەن. یاریزانە كوردەكانیشیان هەموویان كوشتووە. لە یارییەكان زۆربەی یاریزانەكان عەرەبە كوردەكان بەدەگمەنن پێویستە پشت بە یاریزانانی خۆمان ببەستین باشترە .
Top